رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2025 - 2026 رابگەیێندرێت. سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیێنێت، هەموو رێکارەکان تەواو بوون و نمرەی قەرەبووش بۆ قوتابیان هەژمار کراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە وەزارییەکانی پۆلی 12 رادەگەیێندرێت. سیستمەکە بەتەواوی ئامادەیە و هەموو ئامادەکاری و رێکارەکان کۆتاییان هاتووە."
تاقیکردنەوەکان لە 14ـی حوزەیرانی 2026 دەستیانپێکرد. ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەمڕۆ بە هەموو ئەگەرێک ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن، مەگەر کێشەیەکی تەکنیکیی لەپڕ لە سیستمەکەدا رووبدات، ئەگینا تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و تەنیا راگەیاندنی ماوە؛ نمرەکان لە سیستەمی هەڵسەنگاندنەوە بۆ قوتابیان دیار دەبن."
لەبارەی پێدانی نمرەی زیادە بە قوتابیان وەک قەرەبوو، سەرچاوەکەی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، کە ئەم ساڵ قوتابیانی بەشی زانستی 10 نمرە و قوتابیانی بەشی وێژەیی 4 نمرە وەک قەرەبوو وەردەگرن.
ئەو سەرچاوەیە هۆکاری پێدانی ئەو نمرانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "لە 3 وانەی بایلۆجی، کیمیا و عەرەبی، نزیکەی 5 پرسیار بە هەڵە هەژمار کرابوون، بۆیە بڕیار درا ئەو نمرانە وەک قەرەبوو بۆ قوتابیان هەژمار بکرێت."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە 117 هەزار و 142 قوتابی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکان کردووە. 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر وەک دەستەی کارگێڕی هۆڵەکان دانرابوون، کە پێکهاتوون لە 12 هەزار و 18 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، 1هەزار و 376 سەرپەرشتیار و 2,003 کارمەندی خزمەتگوزار.




.jpg&w=3840&q=75)