رووداو دیجیتاڵ
21 رۆژە گەڕان بەدوای ئەو گەنجەی خەڵکی کەلار بەردەوامە کە کەوتە نێو ئاوی سیروانەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان دەڵێ، ''گومانمان لە چەند گۆمێک هەیە و رێڕەوی رووبارمان گۆڕیوە بۆ ئەوەی بتوانین بە تەواوی بیپشکنین.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-07-2026 ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان سەبارەت بە پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی ئەحمەد لوقمان، ئەو گەنجەی 17ـی حوزەیران کەوتە نێو رووباری سیراونەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''تاوەکو دوێنێ شەو لە پشکنینی رووبارەکە بەردەوام بووین.''
بە گوتەی ئیبراهیم محەممەد، گومان لە چەند گۆمێکی نێو ئاوی سیروان هەیە کە دەکرێ تەرمی ئەحمەد لوقمان تێیاندا راگیرابێت، ''بۆیە رێڕۆی رووبارەکەمان گۆڕیوە و ئێستا تیمی مەلەوانەکانمان لەو شوێنانە دەستیان بە گەڕان کردووەتەوە.''
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامییان لە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجەکەدا گوتی، ''هیوامان لەسەر ئەو چەند شوێنە هەڵچینەوە. گەڕان لەو شوێنانە تەواو بێت، راپۆرتی خۆمان دەدەینەوە قایمقامیەت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر [راگرتن یان بەردەوامی] پڕۆسەکە بدرێ.''
ئەحمەد لوقمان تەمەن 26 ساڵ، خەڵکی قەزای کەلارە و لە بەغدا کاری دەکرد، پێش گەڕانەوەی بۆسەر کارەکەی، رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2026 لەگەڵ ئامۆزایەکی چوونە کەناری رووباری سیروان و لە کاتی دانانی تۆڕی ماسیدا کەوتە ناوچەیەکی قووڵی ئاوەکەوە.
پێ ئاماری بەرگریی شارستانیی گەرمیان، لە شەش مانگی ئەم ساڵدا سێ هاونیشتمانی لە رووباری سیرواندا خنکاون.



