رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێ، ئەمشەو لە قەزای سێمێل لە پارێزگاکە بەهۆی یاریی منداڵێکەوە دوو ئۆتۆمبێلی پیکاب ئاگریان گرت.
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو کاژێر 09:00 تیمەکانمان لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکێکی قەزای سێمێل ئاگادارکرانەوە و دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە، بێوار عەبدولعەزیز دەڵێ، "دەرکەوتووە منداڵێک لە کاتی یاریکردندا ئاگری لە ژێر دوو ئۆتۆمبێلی پیکابی گەورە کردووەتەوە و لە ئەنجامدا ئاگریان گرتووە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتی، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک ئۆتۆمبێلێکیان بە تەواوی سووتاوە و ئەوی دیکەشیان بەشێکی زیانی بەرکەوتووە.
بێوار عەبدولعەزیز باسی لەوەش کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە لە 15 خولەکدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بگرن.




