رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە ئەمڕۆ سێشەممە لە سنووری پیرزین لە پارێزگای هەولێر تەقەی لە کەسێک کردووە و کوشتوویەتی.
پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەممووزی 2026 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ هێزەکانمان لە بوونی رووداوێکی تەقەکردن لە سنووری بنکەی پۆلیسی پیرزین ئاگادارکرانەوە، کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە ناوی (حوسێن فەهمی فوئاد) بریندار بوو."
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، هاونیشتمانییەکە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی روژهەڵات، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای رووداوەکە هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد و توانییان "لە ماوەیەکی کورتدا" تۆمەتباری سەرەکیی روداوەکە بە ناوی (م. ص. م) دەستگیربکەن.
پۆلیسی هەولێر دەڵێ، پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.




