رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی نزیکەی 120 دینار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک دابەزی و گازی شلیش (LPG) بە 450 دینارە. خاوەنی یەکێک لە وێستگەکانی سووتەمەنی لە زاخۆ پێشبینی دەکات نرخی بەنزین زیاتر دابەزێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رۆژانە پێویستی بە 144 هەزار لیتر بەنزینی حکومییە، بەڵام ئێستا تەنیا 72 هەزار لیتری بۆ دابین دەکرێ، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و نۆرەی درێژی ئۆتۆمبێل لەو وێستگانەی بەنزینەکەیان تێدا دابەش دەکرێت.
حاجی ئیسلام، خاوەنی یەکێک لە وێستگەکانی سووتەمەنی لە زاخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی نزیکەی 120 دینار دابەزیوە و پێشبینی دەکات نرخەکە زیاتر دابەزێ.
حاجی ئیسلام گوتی، "پێش دوو، سێ رۆژ بەنزینی نۆرماڵ بە 1,200 دینار و موحەسەنیش بە 1,450 دینار بوو، بەڵام دوو رۆژە نرخەکەی دابەزیوە و ئێستا بەنزینی نۆرماڵ بە 1,080 بۆ 1,100 دینارە و موحەسەنیش بە 1,325 دینار دەفرۆشرێ."
سەبارەت بە نرخی گازی شل (LPG) ، حاجی ئیسلام ئاماژەی بە دابەزینێکی گەورە لە نرخەکەیدا کرد و گوتی، "پێشتر نرخی یەک لیتر گەیشتبووە 1,800 بۆ 2,000 دینار، بەڵام ئێستا نرخەکەی بە تەواوی دابەزیوە و یەک لیتر بە 450 دینارە."



