رووداو دیجیتاڵ
سزادراوێک لە چاکسازیی گەورانی هەولێر دەڵێت نەخۆشە و پێویستی بە نەشتەرگەریی هەیە، بەڵام ناتوانێ خەرجی نەشتەرگەرییەکە دابین بکات، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە، ناتوانن تێچووی نەشتەرگەری بۆ سزادراوە نەخۆشەکە دابین بکەن و دەڵێت: "تەنانەت نەخۆشخانە حکومییەکانیش بەبێ پارە نەشتەرگەرییەکە ناکەن."
سزادراوێک لە چاکسازیی گەورانی هەولیر بەناوی (فاخیر محەممەد) پەیوەندی بە رووداوەوە کرد و دەڵێت دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی دڵ هەیە.
سەبارەت بە وردەکاریی کەیسی ئەو سزادراوە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەو سزادراوە پێشتر نەشتەرگەری شەبەکە و باڵۆنی بۆ کراوە، بەڵام ئێستا دەمارێکی دیکەی دڵی گیراوە. پزیشک داوای ملیۆنێک و 300 هەزار دینار دەکات بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی، بەڵام وەک بەڕێوەبەرایەتی یەک دینارمان لەبەردەستدا نییە چونکە حکومەت پارەمان پێ نادات."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بە قەیرانێکی دارایی سەخت کرد لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا و گوتی، "ئێستا لە مانگی تەممووزداین، کەچی تازە پێشینەی مانگی ئایارمان وەرگرتووە. جگە لەوەش نزیکەی دوو بۆ سێ ملیار دیناری بەڵێندەران قەرزارین."
ئیحسان عەبدولڕەحمان هەروەها گوتی، "تەنانەت لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش داوای پارە دەکەن و بەبێ پارە نایکەن. ئەگەر خێرخوازان یان لایەنی پەیوەندیدار هاوکاری نەکەن، ناتوانین ئەو بڕە پارەیە دابین بکەین."



