رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە، دەڵێت، تاوەکو ئێستا 3,380 پارچە زەوی لە سنوورەکەیان دابەشکراون و نزیکەی 1,100 پارچە زەویی دیکەش ماون دابەشی بکەن. زەوییەکانیش مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان هەیە.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون و نزیکەی 100 هەزار پارچە زەویش لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون.
مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە رایگەیاند، لە سنووری شارەوانییەکەیان ناوی 3,380 کەس بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە و نزیکەی 1,100 کەسیش ماون زەوییان پێبدرێت.
مەموند عەبدولوەهاب گوتیشی، "زەویی پێویستمان لە چواردەوری بەحرکە دیاریکردووە و لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە گفتوگۆدارین بۆ ئەوەی زەویمان بۆ تەرخان بکەن و بتوانین بەسەریاندا دابەشی بکەین."
سەبارەت بە خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکانیش، سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە گوتی، "ئەو زەویانەی دابینمان کردوون، دەکەونە تەنیشت گەڕەکەکانی ئێستا و دوور نین. بەشێکیان رێگەپێدانی دروستکردنی خانوویان هەیە و شەقامی سەرەکیشیان بۆ کراوەتەوە. ئاو و کارەباشیان بە ئاسانی پێدەگات."
قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمڕۆ دووشەممە 6-7-2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو، کە ئارێز خالید پێشكێشی کرد.
لەبارەی پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکانەوە، مەموند عەبدولوەهاب گوتی: "نزیکەی دوو هەفتەیە دەستمان بە پرۆسەی وردبینی بۆ تاپۆکان کردووە کە رەنگە مانگێک بخایەنێت. 80%ـی تاپۆی ئەو 3,380 زەوییەی دابەشکراون و ئامادەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵخییەوە هێشتا وردبینی هیچ فەرمانبەرێکمان تەواو نەبووە تاوەکو رەوانەی تاپۆی بکەین."
سەبارەت بە دروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانە، مەموند عەبدولوەهاب گوتی، ئەو کەسانەی زەوییان وەرگرتووە دەتوانن لە یەکەم رۆژی وەرگرتنی کارت یان تاپۆکەیان داواکاری پێشکەش بکەن و دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن.
سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە ئاماژەی بەوەدا، ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەردا دابەش کراوە، نرخیان تاڕاددەیەک بەرزە و لە هەندێک شوێن نرخیان دەگاتە 40 هەزار دۆلار.
پێدانی زەوی بە فەرمانبەران بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە کە 27ـی ئاداری 2024 دەرچووە بۆ دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و ئەو کەسانەی پێشووتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.
زەوییەکان 200 مەتر دووجایە و مەرجی سەرەکیی وەرگرتنەکەی، بوونی لانیکەم 8 ساڵ خزمەت و سوودمەند نەبوونە. شێوازی دابەشکردنەکەی بە تیروپشکە و بە پێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.


