رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێت، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ دا نۆ کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانیی مین؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دوو لەو کەسانە گیانیان لەدەستداوە. رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2026 دا، نۆ کەس بوونەتە قوربانیی مین کە حەوت کەسیان بریندار بوون و دوو کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان لە پارێزگای سلێمانی و ئەوی دیکەیان لە پارێزگای هەولێر بووە." لەبارەی بریندارەکان، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین گوتی: "هەر کەسێک بە شێوازێک بریندار بووە یان بووەتە خاوەن پێداویستیی تایبەت. بەشێکی زۆری بریندارەکانیش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون." جەبار مستەفا گوتی، لەو شەش مانگە دا توانیویانە 200 هەزار مەتری دووجا زەوی لە مین پاک بکەنەوە، کە دوو کێڵگە و سێ گۆڕەپانی شەڕ بوون. هەرێمی کوردستان بە دوو جۆر مین مینڕێژکراوە؛ مینی دژەتانک و مینی دژەکەس. لەو ماوەیە دا 437 مینی دژەکەس و دژەتانک، 26 هەزار و 583 پارچە تەقەمەنی جۆراوجۆر هەڵگیراونەتەوە. پاککردنەوەی کوردستان لە پاشماوەی جەنگ لە ساڵی 1992 دەستیپێکرد. بەپێی ئامارەکانی دەزگای مین بۆ رووداو، لەو کاتە دا 776 کیلۆمەتری دووجا زەوی مینڕێژکرابوو، تاوەکو ئێستا 563 کیلۆمەتری دووجا پاککراوەتەوە. پار، 34 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونە قوربانیی مین، کە 12 کەسیان گیانیان لەدەستدابوو.
هەواڵە ناوخۆییەکان05-07-2026وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: ئەو فۆرمە نوێیەی پڕدەکرێتەوە بۆ بیمەی تەندروستییە