رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد رایگەیاند کە بۆ ماوەیەک پشوو دەدات و واز لە گوتاردان دەهێنێت. هۆکاری ئەم بڕیارەشی بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارانە گەڕاندەوە کە بۆ رێگریکردن لێی، خراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی رابردوودا بڕیارێکی "ناڕەوا و بێبنەمای یاسایی" دژی دەرکراوە و بەو هۆیەوە لە وەزیفەکەی دوورخراوەتەوە.
ئەو کەسایەتییە ئایینییە دەڵێت: "نەیاران و خاوەن دڵە نەخۆشەکان هێشتا ئۆقرەیان نەگرتووە و فشاری زۆریان خستووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف بە مەبەستی رێگریکردن لە گوتاردانم."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی دا، د. عەبدوللەتیف نووسیویەتی، هەرچەندە لەلایەن ئەوقافەوە پێی راگەیێندراوە بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی گوتارەکانی، بەڵام چاک دەزانێت گوشاری زۆر و قورسیان لەسەرە و ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت "پیلانێکی زۆر گەورەترە لەوەی دەبینرێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی نوێی، ئاماژەی بەوە کردووە: "بۆ ئەوەی باری سەر شانی ئەوانیش سووک بکەم و رێگری لە هەر گرژییەک بکەم، بڕیارمدا بۆ ماوەیەک پشوویەک بدەم و گوتار نەدەم."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی دا، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم دوورکەوتنەوەیە کاتی دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی لە رێگەی دادگەوە هەموو مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆی وەردەگرێتەوە.

.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
