رووداو دیجیتاڵ
لەژێر دروشمی (راپەڕین خاکی کشتوکاڵ، سەرزەوینی گەشتوگوزار) ئەمڕۆ فێستیڤاڵی 'گەشتوکاڵ' لە شاری رانیە دەستپێدەکات و تێیدا بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناوچەکە دەخرێنەڕوو.
فێستیڤاڵەکە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ 24-09-2026 لە پارکی دەروازە لە رانیە دەستپێدەکات و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. فێستیڤاڵەکە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بەڕێوە دەچێت.
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامانج لە فێستیڤاڵەکە خستنەڕوو و ناساندنی بەرهەمی دەستی جووتیار و باخەوانی کورد، خاوەن پڕۆژە خۆماڵییەکان، بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەیان و ناساندنی کولتووری گەشتیاریی ناوچەکەیە".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەکەیئان بە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی دەوڵەمەندە، لەوانە گوڵەبەڕۆژە، ترێ، هەنار، هەنجیر، هەنگوین، ماست، پەنیر و هەموو بەرهەمە سپیایەتییەکانی دیکە".
لە فێستیڤاڵەکەدا کە رۆژانی 24، 25 و 26ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، بەرهەمی جووتیاران و باخەوانان، بەرهەمەکانی پەلەوەر، هەنگوین، ماسیی ناوچەکە، کاری دەستیی خانمان، خواردنە کوردەوارییەکان، ماست، پەنیر، زەیتوون، مریشک، نەمام و چەند بەرهەمێکی دیکەی ناوچەکە دەخرێنەڕوو.
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە سێ قەزای سەرەکی و ناحیە و گوندەکانی پێکهاتووە کە قەزاکانی رانیە، پشدەر و حاجیاوان، دانیشتووانی سنووری ئەو ئیدارە سەربەخۆیە لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە نزیکەی 460 هەزار کەس.


.jpg&w=3840&q=75)