رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکات فۆرمێکی نوێ پڕ بکەنەوە. بەرپرسێک لە وەزارەتەکە دەڵێ: ''پڕکردنەوەی فۆرمەکە بۆ بیمەی تەندروستییە.''
لەسەر داوای وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری شەهیدان دەستیان بە پڕکردنەوەی فۆرمێکی نوێی زانیاری کردووە.
سەبارەت بە ئامانجی پڕکردنەوەی فۆرمەکە، ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم فۆرمە تایبەتە بە رێکخستنی بیمەی تەندروستی.''
بەگوتەی ئەحمەد مام رەسووڵ، لە ئەگەری تەواوکردنی مامەڵەکانیان، هەر کاتێک کەسوکاری شەهیدان پێویستییان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی بوو، دەتوانن سوود لە بیمەی تەندروستی وەربگرن.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێ، دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان و پڕکردنەوەی فۆرمەکە، ناسنامەیەکی تایبەت بۆ کاروباری تەندروستیی کەسوکاری شەهیدان دروست دەکرێ.
ئەحمەد مام رەسووڵ داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکات لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی فۆرمەکە و پڕکردنەوەی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پڕکردنەوەی فۆرمەکە لە بەرژەوەندیی کەسوکاری شەهیداندایە، ''بەڵام ئەگەر کەسێک فۆرمەکە پڕنەکاتەوە، لە بیمەی تەندروستی بێبەش دەبێت."
هاوکات تاڤگە حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە بابەتی بیمەی تەندروستی، ئەو فۆرمەی داوا دەکرێ پڕ بکرێتەوە، هەندێک زانیاریی نوێی سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانە تێدا تۆمار دەکرێ کە کەسوکاری شەهیدان لێی سوودمەند بوون یان تاوەکو ئێستا وەریاننەگرتووە.
.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

