رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی گردبوونەوە و رایانگەیاند، هەفتانە نزیکەی یەک جار ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێ، بەڵێنی خەرجکردنی پارە دراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی.
گردبوونەوەی هاونیشتمانییانی ئەو ناوچانەی گەڕەکی قڕگەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 05ـی تەممووزی 2026 بوو و دەڵێن، هەفتەی یەک جار ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە و هەندێک کات لە درەنگی شەودایە و هەر پێی نازانن، بۆیە ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسینگەی کاک قوباد تاڵەبانی بەڵێنی داوە بودجە دابینبکرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی بەشێکی گەڕەکەکان".
لەبارەی کێشەکانەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی گوتی: "سێ لە پەمپەکانی پڕۆژەی ئاوی (دووکان - سلێمانی) کێشەیان هەیە و پێویستیان بە گۆڕینە، ئێستا بەڵێندراوە پارە تەرخانبکرێ بۆ گۆڕینی ئەو پەمپانە لە نزیکترین کات و بە گۆڕینیان زۆرینەی گرفتەکان چارەسەر دەبن".
ئامانج جەلال دڵنیایی دایە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و گەڕەکەکانی دیکە، کە هەفتانە یەکجار ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، کە هەر لەگەڵ گۆڕینی پەمپی پرۆژەکە، گرفتی کەمئاوی ئەوانیش چارەسەر دەبێت.
لە سلێمانی زیاتر لە 190 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرچاوەی زۆرینەیان ئاوی پڕۆژەی سەرچنار و ئاوی هێڵەکانی یەک و دووی دووکان سلێمانییە.
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی گوتی: "ئەو هاوبەشانەی سەرچاوەی ئاویان پڕۆژەی ئاوی سەرچنارە بەگوێرەی پێویست ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە و کێشەیان نییە".

.jpg&w=3840&q=75)

