رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان بۆ بەسەربردنی کات دەچنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. بەرپرسانی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەڵێن، تێچووی گەشتەکان بەراورد بە هەموو ناوچەکە هەرزانترە و لە نێوان 60 دۆلار بۆ 199 دۆلارە.
خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە سلێمانی رایگەیاند، گرووپی گەشتیارییان هەیە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کە دوو شەو لە هۆتێل و سێ رۆژ مانەوە بە 60 دۆلارە، هەروەها بۆ باکووری ئێران هەشت رۆژ دەخایەنێت و 199 دۆلارە. بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکیش لە هەولێر دەڵێت، لە هەولێرەوە گەشت بۆ باکووری ئێران بە 140 دۆلارە.
زیرەک عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (زەمین تراڤڵ) لە شاری سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا دۆخی ئێران ئاسایی بووەتەوە. دۆخەکە تەواو ئاساییە و گەشتیارێکی زۆریش لە هەرێمی کوردستانەوە روو لەو وڵاتە دەکەن".
سەبارەت بە تێچووی گەشت بۆ ئێران، زیرەک عەبدولڕەحمان دەڵێت: "ئێمە گرووپی گەشتیاریمان بۆ باکووری ئێران هەیە، تێچووی گەشتەکە بۆ یەک کەس بۆ ماوەی یەک هەفتە 199 دۆلارە. گەشتیارەکانمان لە هۆتێلی سێ ئەستێرە دەمێننەوە، گەشتەکەشیان بە پاس و شەمەندەفەر دەبێت، نانی بەیانی بە خۆڕاییە، ئینتەرنێت و گەڕانی رۆژانەش لە خۆدەگرێ."
بەڕێوەبەری کۆمپانیای (زەمین تراڤڵ) ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر گەشتیار بیەوێ لە هۆتێلی چوار یان پێنج ئەستێرە بمێنێتەوە، ئەوە تێچووی گەشتەکەی بەرزتر دەبێتەوە.
سەبارەت بە گەشتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیرەک عەبدولڕەحمان دەڵێت: "گەشتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شاری سنە و کرماشانن، گوندی سلین و دەریاچەی زرێبارە لە مەریوان، تێچوویان کەمترە و بۆ دوو شەو و و سێ رۆژ نزیکەی 60 دۆلارە".
زیرەک عەبدولڕەحمان گوتی، گەشتەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەمووی بە پاسە، چونکە نرخی هەرزانترە و خواستی زیاتری لەسەرە.
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیا گەشتیارییە گوتیشی: "حکومەتی ئێران هاوکاری گەشتیار و گرووپەکانە، تەنانەت لە رۆژانی جەنگیش هیچ گەشتیارێکی کورد تووشی لێپرسینەوە نەبوو. ئێران دەرگایەکی زۆر گەورەی کەرتی گەشتوگوزارە".
تێچووی گەشت لە هەولێر هەرزانترە
محەمەد ئەنوەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (بەرەو گەشت) لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتانە گەشتمان هەیە بۆ باکووری ئێران، گەشتەکە بۆ ماوەی هەفتەیەکە و تێچووەکەی بۆ یەک کەس 140 دۆلارە."
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەرەو گەشت ئاماژەی بەوەدا هەندێک کەس دەیانەوێت بە شەمەندەفەر گەشت بکەن، کە لە وێستگەی نەغەدە تاوەکو دەریای قەزوینە، تێچووەکەی 165 دۆلارە."
هاوشێوەی گەشتی گرووپەکانی سلێمانی، لە هەولێریش گەشتیاران بە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەڕۆن، محەممەد ئەنوەر دەڵێ، گەشتیاران مەگەر بۆ پشوودان لە پیرانشار، نەغەدە یان شارەکان کە دێنە رێگەیان دابەزن، ئەگەرنا راستەوخۆ دەچنە باکووری ئێران.
محەممەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەکرد، لەم وەرزەدا هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر گەشتی باکووری ئێران دەکەن، ئەویش بەهۆی کەشوهەوای ئەو ناوچەیەی ئێرانەوە کە لە وەرزی هاویندا فێنکە.
جگە لە هەرزانی نرخ، ئێران و عێراق مەرجی ڤیزەیان لەنێوانیان لابردووە، هەر هاونیشتمانییەک سەردانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکات پێویستی بە ڤیزە نییە و تەنیا لەسەر سنوور مۆری هاتن و چوون لە پاسپۆرتەکەی دەدرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
