رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانیی خەڵکی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ هەینی کەوتنە نێو ئاوی رووبارەوە.
پیاوێکی تەمەن 30 ساڵ بە ناوی (ن، ئـ)، باوکی سێ منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی پەنجەعەلیی کەرکووک، ئەمڕۆ کەوتە نێو ئاوی چەمی رۆخانە لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ.
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاونیشتمانییەکە خەڵکی کەرکووکە و بە مەبەستی مەلەکردن چووبووە ئەو ناوچەیە و لە بەیانییەوە دیار نییە."
عەقید عامر نەریمان گوتی: "پۆلیسی ئاوی کەرکووک دەستبەجێ چووە شوێنەکە و تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوایدا بەردەوامە."
هەر ئەمڕۆ هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی کەرکووک کەوتە نێو ئاوی زێی بچووک لە سنووری پردێ.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رووداوەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
ئەم ساڵ نزیکەی 30 کەس لە باشووری کوردستان لە ئاودا خنکاون.


