رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ژمارەیەک شەقامیان چاککردووەتەوە کە بەهۆکاری جیاواز چاڵیان تێکەوتبوو و ئاستەنگییان بۆ هاتووچۆ دروستکردبوو. بەرپرسێکی شارەوانییەکە دەڵێ، هەڵمەتەکە هەفتانە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ 03ـی تەمموز بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "تیمەکانمان لە هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی، بە هاوئاهەنگی کارگەی قیڕی سەرۆکایەتیی شارەوانی دەستیان کرد بە چاککردنەوە و قیرکردنی قۆناخێکی دیکەی شەقامە تێکچووەکان و پڕکردنەوەی چاڵەکان".
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 3-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شەقامانەی چاککراونەتەوە دیاریکراو نین، چونکە هەر شەقامێک چاڵی تێدا دروست بووبێت تیمەکان چاکی دەکەنەوە".
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: "هەفتانە دوو رۆژ هەڵمەتی چاککردنەوەی شەقامەکان دەکرێت، کە قیرەکەی کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیمان بەرهەمی دەهێنێت و دابەشی سەر شارەوانییەکانی سنوورەکەمان دەکرێت".
بەشێک لە شەقامەکانی هەولێر بەهۆی بارانبارین، یان راکێشانی بۆریی ئاو و هێڵەکانی کارەبا و ئینتەرنێت چاڵیان تێکەوتووە، ساڵانە لەگەڵ تەواوبوونی وەرزی باران، شارەوانییەکان دەست بە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان دەکەنەوە.


