رووداو دیجیتاڵ
بەتۆمەتی دزینی بڕێک پارە لە باخی هاونیشتمانییەکەدا لە ناحیەی سیتەک لە پارێزگای سلێمانی، تۆمەتبارێک دەستگیر کرا.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "تۆمەتبارەکە 16 هەزار و 500 دۆلار و ملیۆنێک دیناری خاوەن باخەکەی دزیوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیس، کە ئەمڕۆ 03ـی تەمموزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، "تۆمەتبارەکە لە کەمترین کاتدا لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیتەکەوە، دۆزاوەتەوە و دەستگیرکراوە".
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە باخەوانی ئەو باخە بووە کە دزییەکەی تێدا کردووە.
تۆمەتبارەکە ناوی (س، ع، ح ) لەدایکبووی 1990ـە و بەگوێرەی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێ.
مادەی 444 تایبەتە بە دزیکردن؛ بەگوێرەی مادەکە و جۆری دزییەکە، سزای زیندانی دەدرێ، کە قورسترین سزای نابێ لە 10 ساڵ زیاتر بێت.


