رووداو دیجیتاڵ
ماوەی چوار بۆ پێنج مانگە قەزای هەریر و ناحیەی باسرمە و گوندەکانی دەوروبەریان رووبەڕووی قەیرانی بێکارەبایی و بێئاوی بوونەتەوە. هاونیشتمانییانی ناوچەکە دەڵێن، بە رۆژ هیچ کارەبایەکیان نییە و بەهۆی نەبوونی موەلیدەی ئەهلی، بیرەکانی ئاویش پەک کەوتوون.
زریان عەبدولرەحمان، دانیشتووی گوندی سیساوە لە سنووری هەریر بە رووداوی رایگەیاند: "نزیکەی پێنج مانگە کێشەی کارەبامان هەیە. کارەبای نیشتمانی هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراوی نییە، جار هەیە نیوەشەو دێت و تاوەکو بەیانی دەبڕێت، بە رۆژیش کە گەرمایە چوار کاژێر کارەبامان نییە."
کێشەی سەرەکیی ناوچەکە ئەوەیە، زۆربەی گوندەکان موەلیدەی ئەهلییان نییە، چونکە پێشتر کارەبایان 24 کاژێری بووە و موەلیدەکانیان لاداوە. ئێستا کە کارەبای نیشتمانی خراپ بووە، بیرەکانی ئاویش کە بە کارەبا کار دەکەن لە کار وەستاون.
حەسەن ئەحمەد، دانیشتووی گوندی هەڕەش دەڵێت: "خشتەی کارەبا بە تەواوی تێک چووە، کە کارەبا نەبێت ئاویشمان نییە، چونکە سەرچاوەی ئاوی گوندەکەمان بیرە و بە کارەبا کار دەکات."
جگە لە ئاوی خواردنەوە، بێئاوی مەترسیی لەنێوچوونی رەز و باخ و ئاژەڵەکانیشی دروست کردووە. عومەر عەزیز، لە گوندی ئاقوبانەوە باس لەوە دەکات کە خەڵکی ئەو گوندانە بژێوییان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە و دەڵێت: "بیرەکانمان لەسەر کارەبای سەرەکییە، کاتێک کارەبا نییە ئاویش نییە بۆ ئاودێری و ئاژەڵەکانمان."
سەبارەت بەم کێشەیە، کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای شەقڵاوە بە رادیۆی رووداوی گوت، ئەوان هیچ گرفتێکیان لە تۆڕی کارەبا و گۆڕەرەکان دا نییە، بەڵام دیاریکردنی خشتەی دابەشکردن لای بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵە و بەرهەمهێنانیش لای وەزارەتە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا بە رووداوی رایگەیاند: "بەهۆی گەرمای هاوینەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی 25% کەم بووەتەوە، ئەمەش کێشەیەکی تەکنیکیی ئامێرەکانە لەم وەرزە دا." ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانیان شەو و رۆژ خەریکی چارەسەرکردنی بابەتەکەن، بەڵام ناتوانن کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی کێشەکە رابگەیێنن.



