رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 31 کرێکار لە کاتی کارکردن دا لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرترینیان لە دوو مانگی رابردوودا بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 02ـی تەممووزی 2026، هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی هەموو هەوڵێکمان داوە تاوەکو زۆربەی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ کرێکاران فەراهەم بکەین، بەڵام ساڵانە بە دەیان کرێکار لە کاتی کارکردندا گیان لەدەستدەدەن".
لەبارەی زۆربوونی ئامارەکان هەنگاو عەبدوڵڵا گوتی: "لە دوو مانگی رابردوودا زۆرترین گیانلەدەستدانی کرێکار تۆمارکراوە و رووداوەکان روو لە زیادبوونن."
بەپێی ئامارەکان سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە 4 مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، 17 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بووە بە 10 کرێکار، هەولێر 3، دهۆک 3 و هەڵەبجە 1 کرێکار.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە مانگەکانی 5 و 6ـی ئەم ساڵدا، رێژەی گیانلەدەستدان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و 14 کرێکاریی ناوخۆی دیکە گیانیان لەدەستداوە. بەوەش کۆی گشتیی گیانلەدەستدان لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا گەیشتووەتە 31 کرێکار.
دابەشبوونی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە مانگی 5 و 6 بەم شێوەیە بووە:
هەولێر: 1 کرێکار
سلێمانی: 2 کرێکار
دهۆک: 6 کرێکار
ئیدارەی سۆران: 3 کرێکار
ئیدارەی راپەڕین: 1 کرێکار
ئیدارەی زاخۆ: 1 کرێکار
بە گوتەی هەنگاو عەبدوڵڵا، لە دوو مانگی رابردوو 20 کرێکاری ناوخۆی و دوو کرێکاری بیانیش بریندار بوون، کە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بووە.
سەبارەت بە لایەنی یاسایی و مافی کرێکاران، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کار بە یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 و یاسای خانەنشینی و دەستبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی ساڵی 1971ـی عێراق دەکرێت بۆ پاراستنی ماف و شایستەکانی کرێکاران.


.jpeg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)