رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای مانگی رابردوو دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر کەسێک لە هەبوونی گەندەڵی ئاگاداریان بکاتەوە بە پارە پاداشتی دەکەن. سەرۆکی دەستەکە دەڵێ، بۆ جێبەجێکردنی نووسراوەکەیان رێنمایی نوێ دەردەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا کە بە نووسراوی ژمارە 414 لە 02ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکرایەوە هاتبوو، "هەر کەسێک زانیارییان پێبدات لەسەر هەبوونی گەندەڵی و بەڵگەی هەبێ لەسەر هەر فەرمانبەر یان بەرپرسێک لە هەر ئاستێکی پلەی وەزیفی بێت، لەلایەن دەستەکەمانەوە پاداشت دەکرێ بە بڕێک پارە؛ دەستەکەمان گەرەنتی پاراستنی ناو و ناونیشانی هەواڵدەر دەکات".
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند دۆسیەیەکی گەندەڵیمان پێگەیشتووە؛ وەریان دەگرین و بەڵگەکەکان هەڵدەسەنگێنین بزانین بەڕاستی رێگر دەبێ لە بەهەدەردانی دارایی گشتیی، یان ئەگەر ببێتە دۆسییەکی تاوان و لە دادگە حوکمی لەسەر بدرێ هیچ دەگێڕێتەوە؟ ئەو مەرج و میکانیزمانە رێنماییان پێویستە".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی: "ئێمە کەیس وەردەگرین و مافی ئەو کەسەش دەپارێزین کەیسەکە دەهێنێت، بەڵام لایەنە یاساییەکە پێویستیی بە دەکردنی رێنمانیی هەیە".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی: "هیچ لایەنێکی حکومەت دژی راگەیێندراوەکە نییە بۆ ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی، ئەوەی هەیە دەمانەوێ رێنمایی یاسایی و فەرمی بۆ راگەیێندراوەکە دەربچێ پاشان کاری لەسەر بکەین".
لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2021 (یاسای هەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان- عێراق ژمارە 3 ـی ساڵی 2011) کاری پێ دەکرێت.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتی: "ئامادەکاری تەواومان کردووە، لەگەڵ دەستکردنەوە بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، یاسای دەستپاکی هەموار بکرێتەوە، کە لەگەڵ رێنمایی و کارەکاندا بگونجێن".
.webp&w=3840&q=75)


