رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیەکی رێگەوبان لە شاری کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە. سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، دووسایدە و چەندین گەڕەک بە شەقامی 60 مەتریی قەزاکەوە دەبەستێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 28-06-2026، سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا شەقامێکی دووساید بکرێتەوە کە ''دەرچەیەکی نوێیە بۆ بەستنەوەی گەڕەکەکانی کەلار بە شەقامی 60 مەتریی شارەکەوە.''
دووسایدەکە لە بەردەم پڕۆژەی رۆیاڵەوە دەستپێدەکات و چەندین رێگەی لاوەکی پێیەوە دەچنە سەری. بەگوتەی سامان رەحیم، کارکردن لە هەردوو سایدی رێگەکە تەواو بووە کە درێژییەکەی 1320 مەترە و خۆبەخشانە لەلایەن کۆمپانیای (دییەن)ـەوە دروست کراوە.
هاوکات کارکردن لە دووسایدی تەنیشت مزگەوتی ئاشتیی کەلار دەستیپێکردووەتەوە کە پێشتر بە شێوەیەکی کاتی وەستابوو. وەک سەرۆکی شارەوانیی کەلار دەڵێت، درێژیی ئەو شەقامەش 560 مەترە و لە رێگەی دوو شەقامی لاوەکییەوە هەندێک گەڕەک بە شەقامی 60 مەتریی شارەکە دەبەستێتەوە.
بەگوتەی سامان رەحیم، لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە قیرتاوکردنی شەقامەکە دەکرێ و دەخرێتە خزمەت خەڵکەوە.



