رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە و بەهۆی زۆریی بڕەکەیەوە، رۆژانە زیاتر لە هەزار و 500 تۆنی دەنێردرێتە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژانە لە سنووری پارێزگای هەولێرەوە زیاتر 600 تۆن سەوزە و میوە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ. لە سلێمانی و هەڵەبجەوە رۆژانە نزیکەی 600 تۆن و لە دهۆکیش رۆژانە زیاتر لە 300 تۆن هەناردە دەکرێ.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی سەوزە و میوە کە لە هەرێمی کوردستان پێگەییووە، زیاترە لە پێداویستی نێوخۆ و رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراقی دەکەین".
سەروەر عەلی گوتی: "بەرهەمی نێوخۆی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە رۆژانە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەین، دەگاتە 600 تۆنی رۆژانە".
پیاز، پەتاتە، خەیار، کوولەکە، باینجان، بامێ، شووتی و کەڵەک، بەشێکی ئەو بەرهەمانەن ئەمڕۆ لە عەلوەکانی سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و دهۆکەوە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.
لەبارەی تەماتەوە بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "هێشتا زۆر تەماتەی خۆمان پێنەگەییووە. تەنیا تەماتەی تەقتەق لە سنووری کۆیە هەیە. بەشێکی تەماتەی بازاڕ لە قەزای خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراقەوە هاوردە دەکرێ".
هەر ئەمڕۆ رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمی ناوخۆ بەشێکیان هێندە زۆرە کە زۆرینەی راستەوخۆ دەنێرینە نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "پیاز و پەتاتە زۆر زۆرن؛ هەروەها کاڵەک و خەیار و چەند بەرهەمێکی دیکە دەنێرینە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام تەماتە تاوەکو ئەمڕۆ بەگوێرەی پێویست پێنەگەییوە".
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، لە سنوورەکەمانەوە 20 هەزار و 366 تۆن سەوزە و میوەمان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە".
رۆژانە لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە نزیکەی 300 تۆن سەوزە و میوە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ. بەگوێرەی کشتوکاڵی پارێزگاکە، تەنیا مانگی رابردوو 6600 تۆنیان هەناردە کردووە.



