رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق ژمارەیەک فەرمانبەری لە خاڵێکی گومرگیی پارێزگای کەرکووک دەستگیر کرد، ئەوەش بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و هەڕەشەکردن لە راییکارانی مامەڵە گومرگییەکان.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک بە هاوئاهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لەسەر بنچینەی زانیاریی ورد و بە فەرمانی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجام دا.
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، دوای چاودێریکردن و دانانی پلانێکی تووندوتۆڵ، توانرا 6 فەرمانبەر لە خاڵی گومرگیی (چیمەن) لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە راییکارێکی گومرگ دەستگیربکرێن. ئەو 6 کەسە بەرامبەر راییکردنی مامەڵەکە پارەیان وەردەگرت.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پێنج تۆمەتبار لە کارمەندانی دەستەی گومرگ، لەگەڵ ئەفسەرێک، لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیرکران. تۆمەتباران رادەستی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووکی دەستەی دەستپاکی کران بۆ تەواوکردنی رێکارە یاسایی و لێکۆڵینەوەییەکان."
حکومەتی عێراق لە پارێزگا سنوورییەکان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بازگەی داناوە، ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ بارهەڵگر و بازرگانان دروستکردووە کە کاڵاکانیان رەوانەی نێوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن. بازگەکان بریتین لە چیمەن لەنێوان کەرکووک و چەمچەماڵ، دارەمان لەنێوان هەولێر و کەرکووک و سەد لەنێوان دهۆک و موسڵ.
ئامانج محەممەد، یەکێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان لە بازگەی چیمەن، بە رووداوی راگەیاند، "جگە لەو قەرەباڵخییەی رۆژانە بۆ چوار کاژێر زیاتر رامان دەگرن و ئامێرەکانی سۆنار دەکۆژێننەوە، بە ئاشکرا داوای بەرتیل دەکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی بە بازگەکە تێپەڕین. کێشەکە دروست دەکەن. کاڵاکانمان بە شێوەیەکی یاسایی هێناون. ئێستا هەروو سایدی هاتن بۆ کەرکووک بووە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بە گەرما و لە برسێتی لە نێو ئۆتۆمبێلەکانمان دەمێنینەوە. رێکارەکانمان قورس دەکەن."
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی پشکنینی تۆمەتبارەکان و هەندێک لە بەشەکانی نێو خاڵە گومرگییەکە، بڕە پارەی وەرگیراو، کە پێیان بووە، دەستی بەسەردا گیراوە.
تۆمەتبارەکان بەپێی بڕیاری (160ی ساڵی 1983) پەڕاوی یاساییان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی لای دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون، بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
تاوانەکانی بەرتیل (بەپێی یاسای سزادانی عێراقی):
بۆ فەرمانبەر یان ئەو کەسەی راسپێردراوە بە خزمەتگوزارییەکی گشتی: سزا دەدرێ بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە دەکرێ بگاتە 10 ساڵ و پێبژاردنی دارایی.
بۆ بەرتیلدەر: ئەو کەسەی بەرتیلەکە پێشنیاز دەکات، سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت.



