رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە (بۆردی خانەقین) رادەگەیێندرێ. بۆردەکە لە کۆمەڵێک بەرپرسی کوردی حکومی، حیزبی، پەرلەمانتار و کەسایەتی پێکهاتووە و ئامانجیان داکۆکیکردنە لە مافەکانی خەڵکی سنوورەکە لە بەغدا و هەولێر.
کامەران ئەحمەد جاف، سەرۆکی کاتیی (بۆردی خانەقین)، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 17:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵی رووناکبیریی (شەهید سەلام) لە خانەقین بۆردەکە رادەگەیێنن.
بەگوتەی کامەران ئەحمەد جاف، (بۆردی خانەقین) لە بەرپرسی یەکەمی هەموو پارتە کوردستانییەکانی خانەقین، یەک پەرلەمانتارەکە، یەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا، قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین پێکدێ. بڕیارە لە دووەم کۆبوونەوەی بۆردەکەدا سەرۆکی بۆردەکە بە فەرمی هەڵبژێردرێ.
سەبارەت بە میکانیزمی کارکردنیان، کامەران ئەحمەد جاف ئاماژەی بەوە کرد کە "بۆردەکە تەنیا لە بەرپرسان و نوێنەرانی کورد پێکدێت، پەیڕەوی ناوخۆی هەیە و مانگانە کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا پرس و کێشەکانی تایبەت بە خانەقین تاوتوێ دەکرێن بۆ ئەوەی لە رێگەی لۆبیکردنەوە لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵی چارەسەرکردنیان بۆ بدرێ".
کامەران ئەحمەد جاف ئاماژەی بەوەکرد: "خانەقین لەلایەن حکومەتی عێراق فەرامۆش کراوە و رێگریش دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری تێدابکات. ئامانجی سەرەکیی بۆردەکە، بەهێزکردنی کاری هاوبەشی لایەنەکانە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی خانەقین و خزمەتکردنی دانیشتووانەکەی".
بەگوێرەی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی پەسندکرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێ، کە لە سێ قۆناخ پێکدێ: ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 19 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە. بەشداربوونی لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردندا بە لیستی جیاواز کاریگەری لەسەر دەنگی کورد لەو ناوچانە هەبووە.


.jpg&w=3840&q=75)
