رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس بەدوای ئەحمەد لوقمانی تەمەن 26 ساڵدا دەگەڕێن، کە کەوتە نێو رووباری سیروان.
ئەحمەد لوقمان، خەڵکی قەزای کەلارە و لە بەغدا کاری دەکرد، پێش گەڕانەوەی بۆسەر کارەکەی لەگەڵ ئامۆزایەکی چوونە کەناری رووباری سیروان و لە کاتی دانانی تۆڕی ماسیدا کەوتە ناوچەیەکی قووڵی ئاوەکەوە.
دوای رووداوەکە پۆلیسی گەرمیان ئامۆزاکەی ئەحمەدی بۆ وەرگرتنی گوتە بانگ کرد. عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "ئامۆزاکەی وەک شایەتحاڵ و هەواڵدەر مامەڵەی لەگەڵ کراوە، نەک وەک گومانلێکراو. ئەو هاونیشتمانییە هەوڵی رزگارکردنی ئەحمەدی داوە و بریندار بووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە."
بە گوتەی پۆلیس، کەسوکاری ئەحمەد هیچ گومانێکیان لە رووداوەکە نییە و سکاڵایان لەسەر کەس تۆمار نەکردووە. لێکۆڵینەوەش بەردەوام دەبێت.
عەبدولخالق ئەحمەد، مامی ئەحمەد، لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "پێش رووداوەکە کوڕەکەم و ئەحمەد بە نهێنی نامەیان ئاڵوگۆڕ کردبوو بۆ چوونە راوەماسی. هەردووکیان لە بازاڕ قولاب و تۆڕیان کڕیبوو و رۆیشتبوون. هیچ کامیان بە باشی مەلەیان نەدەزانی. گومانمان لە رووداوەکە نییە و سکاڵامان لەسەر کەس نییە."
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە هاوکاریی تیمەکانی سلێمانی و سۆران، حەوت رۆژە گەڕانێکی چڕیان دەستپێکردووە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان، لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "بە درێژایی 30 کیلۆمەتر، لە شوێنی رووداوەکەوە لە کەلار تاوەکو ناحیەی کوڵەجۆ، بە هەموو شێوازێکی کۆن و نوێ، وەک بەلەم، سۆنەر، کامێرای ژێرئاو و ژێرئاوگەڕ، بەدوای تەرمەکەدا دەگەڕێین."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، گومانیان هەیە هاونیشتمانییەکە لە نزیک "رەمپە"یەک گیری خواردبێت کە دار و قامیشێکی زۆری لەژێردایە.
ئەحمەد لوقمان، هاوژینی پێکهێناوە و باوکی کچێکی دوو ساڵانەیە.


