رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی تەرمی کچێکی 20 ساڵیان لە سەیرانگەی کونەماسی لە پارێزگاکە دۆزییەوە کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ خنکابوو. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێ، "ئەم ساڵ، ئەمە چوارەمین رووداوی خنکانە."
رۆژی سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026 ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 03:40 دوای نیوەڕۆ ئاگادارکراینەوە لەوەی کچێک لە سەیرانگەی کونەماسی لە سنووری سلێمانی کەوتووەتە نێو ئاو. تیمەکانمان راستەوخۆ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان کرد."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێ، دوای نزیکەی دوو کاژێر گەڕان، دەوروبەری کاژێر 5:00ی ئێوارە توانرا تەرمەکە بدۆزرێتەوە.
کچەکە تەمەنی 20 ساڵ و دانیشتووی سنووری کونە ماسی بوو.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، ئارام عەلی گوتی: "هۆکاری چوونی بۆ ئەو شوێنە بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام پێدەچێ بۆ مەلەکردن چووبێتە نێو ئاوەکە."
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بۆ رووداو، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە 4 رووداوی خنکان لە سنووری ئەو پارێزگایەدا تۆمارکراون.




