رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، کارکردن بۆ دووسایدکردنی رێگەی هەولێر – کۆیە بەردەوامە و 13 کیلۆمەتری رێگەکە قیراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵ دەدەن ساڵێک پێش وادەکەی خۆی تەواو بکرێ.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای هەولێردا کە ئەمڕۆ 23ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە هاتووە، "کارەکانی دروستکردنی رێگەی خێرای (هەولێر - کۆیە)، کە یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکانی رێگەوبان لە هەرێمی کوردستان، بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 35%ی کارەکانی بە سەرکەوتوویی تەواو کراون."
گوژمەی پڕۆژەکە 683 ملیار دینارە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "13 کیلۆمەتر لە رێگەکە بە تەواوی قیر کراوە و تیمەکانی ئەندازیاری و کرێکاران بە دوو شەفت (شەو و رۆژ) بەردەوامن لە کارکردن."
بەگوێرەی گرێبەستی پڕۆژەکە، تەمموزی 2028 کارەکانی تەواو دەکرێت. بەڵام لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەهۆی خێرایی کارەکانەوە، هەوڵ دەدرێ تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا پڕۆژەکە تەواو بکرێ."
درێژیی رێگەکە 45 کیلۆمەترە و بە شێوازی دوو سایدی خێرا دروست دەکرێت؛ پێکهاتەی سایدەکان هەر سایدێک لە سێ لاینی هاتووچۆ و لاینێکی فریاگوزاری دەبێ؛ 11 بەرزەپرد و ژێرپردی تێدا دەبێت.
رۆژی 10-10-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند، "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری" دەگەیێننە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا.
رێگەی کۆیە - هەولێر یەکێکە لە رێگە قەرەباڵخەکانی هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەت، دوای دوو سایکردنی ماوەکەی لە کاژێرێکەوە بۆ کەمتر لە 30 خولەک کەم دەبێتەوە.



