رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە قەزای چەمچەماڵ دژی کەمیی ئاو و کارەبا گردبوونەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، دابەشکردنی ئاو دەگاتە 14 رۆژ و داوای خەڵک رەوایە و لە سبەیەوە بە تانکەر ئاو دابەش دەکەن.
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ سێشەممە گردبوونەوە چوونە بەردەوام قایمقامییەتی قەزاکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، چووەتە نێو خۆپیشاندەران و گوێی لێگرتوون.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوای خەڵک رەوا بوو، کە داوای ئاو، کارەبا و دامەزراندن دەکەن، ئێمە کارمان لەسەرکردوون و کاری زیاتری لەسەر دەکەین".
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "دابەشکردنی ئاو 10 بۆ 14 رۆژ جارێکە، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە چارەسەری کێشەکە دەکات و 40%ـی تەواو بووە، بەڵام فریای ئەم ساڵ ناکەوێ. نووسینگەی جێگیری سەرۆکی حکومەت ئاگاداری کردینەوە، لە سبەیەوە رۆژانە 3 ملیۆن لیتر ئاومان بە تانکەر بۆ دەنێرن".
بە گوتەی ئاسۆ بەکر، لە سبەیەوە ئاو بە تانکەر دەگەیێننە بەشێکی گەڕەکەکان و بەهۆیەوە دابەشکردنی ئاو لە بەشێکی گەڕەکەکانی دیکە دەبێت حەوت بۆ هەشت رۆژ جارێک.
لەبارەی کێشەی کارەباوە قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "سێ رۆژە کێشەکە چارەسەر کراوە، نەچووینەتە پڕۆژەی رووناکی، بەڵام بە موەلیدە و کارەبای نیشتمانییەوە کارەبا بووە بە 24 کاژێر".
ئاسۆ بەکر دەڵێ، ئەو چەند مانگێکە پۆستەکەی وەرگرتووە و زۆرینەی کێشەکان کۆنن. ئاماژەی بە داوایەکی دیکەی خەڵکی چەمچەماڵ کرد و گوتی: "داواکاربوون گەنجەکان لە کۆمپانیاکانی سنوورەکە دابمەزرێن، ئێمەش لەگەڵ کۆمپانیاکان هاوئاهەنگی دەکەین هەر هەلی کارێکیان هەبێ لەمەودوا لە پەیجی قایمقامییەت بڵاوی دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە شەفافی پڕبکرێنەوە".

_Zakho.jpg&w=3840&q=75)
