رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لەو گەڕەکانەی کێشەیان هەیە بەردەوامن. ئاشکراشی دەکات کە نزیکەی 15%ی گەڕەکەکانی سنووری سلێمانی هێشتا تۆڕی ئاویان بۆ نەکێشراوە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی هێڵی 2ی ئاوی دووکان-سلێمانی لەکار نەوەستاوە، بەڵام هەندێک گرفتی تەکنیکی لە پەمپەکاندا هەیە کە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کەمئاوی، بەتایبەتی لە گەڕەکی قرگە و ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر هێڵی پڕۆژەکە.
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی ئاوی لەو ناوچانە بۆ گرفتی پەمپەکان گەڕاندەوە و گوتی: "لە پڕۆژەی هێڵی 2دا چەند پەمپێک پێویستییان بە چاککردن و گۆڕین هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کردووە بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا کارەکان لە قۆناخــی بەدواداچووندان.
سەبارەت بەو گەڕەکانەی تاوەکو ئێستا تۆڕی ئاویان بۆ نەکێشراوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی روونیکردەوە، نزیکەی 15%ی سنووری شارەوانیی سلێمانی بێبەشن لە تۆڕی نیشتمانیی ئاو. گوتیشی: "ئەم ناوچانە زیاتر ئەو گەڕەکانەن کە نوێن و چیدیکە کار بۆ بەستنەوەیان دەکرێت."
بە گوتەی ئامانج جەلال، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوامە لە دابەشکردنی ئاو لە رێگەی تانکەرەوە. ئاشکراشی کرد، ئێستا لەلایەن تانکەرەکانی بەڕێوەبەرایەتییەوە ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 4,000 ماڵ لەو گەڕەکانە دابین دەکرێت.
لەبارەی ماوەکانی دابەشکردنی ئاو بەسەر ماڵاندا، ئامانج جەلال باسی لەوە کرد کە بە شێوەیەکی ئاسایی 3 رۆژ جارێک ئاو بە هاووڵاتییان دەدرێت، بەڵام بەهۆی گرفتە تەکنیکییەکانەوە لە گەڕەکی قرگە، ماوەکە بۆ 4 تاوەکو 5 رۆژ درێژ ببووەوە. جەختی کردەوە کە "لەم هەفتەیەدا دۆخەکە بەرەو باشتربوون چووە و دابەشکردنی ئاو لەو گەڕەکانەش نزیک دەبێتەوە لە کاتی ئاسایی خۆی."
سەبارەت بە دڵنیایی لە پاکی و شیاویی ئاوەکە بۆ خواردنەوە، گوتەبێژی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، ئەو ئاوەی لە پڕۆژەکانی 1 و 2ی دووکان و سەرچاوەکانی دیکەوە بەرهەم دێت، پشکنینی وردی بۆ دەکرێت. ئەو گوتی: "تیمی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی بەردەوام پشکنین بۆ ئاوەکە دەکەن و ئاوەکە بە تەواوی شیاوە بۆ خواردنەوە."


