رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە دەڤەرین راپەڕین، چوار کەسی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندارن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، رووداوەکە لە لەسەر رێگای دەربەند لە گوندی قوڕەگۆ لە سنووری رانیە و قەڵادزێ بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا 6 کەس هەبوون، پیاوێک و دوو کوڕی، لەگەڵ بووکێک و دوو نەوەی.
پیاوەکە باپیرەیە (سمکۆ). کوڕێکی گەورەی (هێمن سمکۆ) خێزاندارە و هاوژینەکەی (ئامینە) و دوو منداڵیان (دیلا و میلا هێمن سمکۆ) لەگەڵ بووە. جیا لەوانیش، کوڕێکی دیکەیان (شاریان سمکۆ) لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە تائێستا بریتین لە ئامینە (38 ساڵان)، دیلا (یەک ساڵ و نیو) و میلا (5 ساڵان) و شاریان (11 ساڵان).
ئۆتۆمبێلەکەیان جۆری تۆیۆتا کامری بووە. سمکۆ کە شۆفێرەکە بووە، لەگەڵ هێمنی کوڕی لەژێر چاودێریدان و بریندارن.
لە سەرەتادا، هاتووچۆی دەڤەرەکە گوتی، هۆکاری رووداوەکە تیژڕۆیی بووە.
رووداوەکە ببینە
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی دەست رووداو کەوتووە، ئەگەرچی وادیارە ئۆتۆمبێلەکە خێرا بێت، بەڵام ماتۆڕێکی سێ تایە دەچێتە رێگەیان و دەبێتە هۆی شڵەژانیان.


