رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، هاتووچۆ و بەرگریی شارستانی لە پارێزگای هەڵەبجە کرا.
نووسراوی فەرمانەکە ژمارە 17212و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە و تێیدا هاتووە، بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی گشتیی دراون و ئەمانەن:
- بەخشینی عەمیدی پۆلیس، ئەنوەر عومەر عەلی لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە و تەنسیبکردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەڵەبجە و دانانی بە پۆستی بەڕێوەبەر بە وەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ.
- بەخشینی عەمیدی پۆلیس، عابدین عەبدولڕەحمان محەممەد، لە پۆستی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەڵەبجە و تەنسیبکردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە و دانانی بە پۆستی بەڕێوەبەر بە وەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ.
- دانانی عەقیدی پۆلیس، ستار حەمەئەمین عەول لە پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە وەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ.
- بەخشینی عەقیدی پۆلیس، ئەرسەلان غەفوور عەبدوڵڵا لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە.
- بەخشینی عەقیدی هاتووچۆ، عەتا بەهرام سەمین، لە پۆستی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بەوەکالەت و تەنسیبکردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی.
- دانانی موقەدەمی هاتووچۆ رێباز کەمال محەممەد لە پۆستی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بەوەکالەت بۆ ماوەی شەش مانگ.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لەکاتی رێوڕەسمی گۆڕانکاریی لە پۆستەکاندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لەسەر فەرمانی جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کایە سەربازییەکاندا جێبەجێی دەکات و بەگوێرەی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، لە پێناو پەرەپێدانی بواری سەربازی و ئەمنی، چەند گۆڕانکارییەک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەکرێت".
سەرەتای ئەم هەفتەیە گۆڕانکارییەکی هاوشێوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کرا.


