رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر، ئاگر لە مارکێتێک کەوتەوە و بەتەواوی سووتا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، زیانی مادیی زۆری هەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزیرانی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مارکێتەکە بەتەواوی سووتاوە و زیانی مادیی زۆر بە مارکێتەکە گەیشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
رووداوەکە کاژێر 03:39ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مارکێتێکی سەر شەقامی 100 مەتری لە گەڕەکی مەنتکاوە روویداوە.
لەبارەی رێکارەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، شاخەوان سەعید گوتی: "9 ئۆتۆمبێلی تیمەکانمان بەشداربوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و لە ماوەی نزیکەی یەک کاژێردا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا."
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن.


