رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک خوێندکاری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی دەڵێن، 10 کچ کە "قوربانین،" ئامادەن لەبەردەەم ئەو لیژنەیەی زانکۆی سلێمانی پێکیهێناوە، شایەتی لە دژی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد بدەن. گوتەبێژی زانکۆکەش دەڵێت، گوێ لە هەموویان دەگرن.
کاردانەوەکان بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگ و تۆمەت دژی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و کەسایەتیی ئایینیی بەردەوامە، ئەم جارە ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلێژەکەی خۆی کە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانە دەڵێن، قوربانییەکان ئامادەن شایەتی لە دژی بدەن و داوا دەکەن، "کەیسەکە بەلاڕێدا نەبرێ."
پێش راگەیێندراوی خوێندکارەکان و لە سەرەتای کەیسەکەدا، د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد قسەی خۆی لەسەر تۆمەتەکان کرد و رایگەیاند، "ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم دەکرێن، هەڵبەستراون و ناڕاستن."
ئەو مامۆستا ئایینییە لە فەیسبووکەکەی خۆی نووسیویەتی، "ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاساییان نییە. ئەم چەواشەکارییانە کاریگەرییان لەسەر پەیامی ئێمە نابێت و ئەوانەی پیلانگێڕی دەکەن با چاوەڕێی تۆڵەی خوا بن."
خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان: 10 قوربانی ئامادەن شایەتی بدەن
لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی ژمارەیەک خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "هیچ گومانمان نییە لە راستیی بابەتەکە و خۆمان شایەتحاڵی زۆر لەوە زیاترین، ئامادەییشمان دەربڕیوە شایەتی بدەین لەبەردەم لیژنەکەدا و قوربانییەکان بهێنینەڕوو."
خوێندکارەکان د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد تۆمەتبار دەکەن بەوەی، "کێشەی ئەخلاقی و گێچەڵی سێکسی کردووە بە خوشکانمان لە زانکۆکەمان کە تائێستا نزیکەی 10 لە قوربانییەکان دیارن و ئامادەن شایەتی بدەن."
یەکێک لە خوێندکارەکان کە واژۆی لەسەر راگەیێندراوەکە کردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 15 خوێندکار ئاگادارن لە نێوەڕۆکی راگەیێندراوەکە، خوێندکارانی دیکەش هاوبۆچوونمان بوون لە کۆی پرسەکەدا."
ئەو خوێندکارەی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان گوتی، "بڕیارە سبەی کچە قوربانییەکان بانگ بکرێنە بەردەم ئەو لیژنەیەی زانکۆی سلێمانی پێکیهێناوە، ئێمە داواکارین بەلاڕێدا نەبرێ و قوربانییە راستەقینەکان بانگ بکەن، چونکە فەقێی زۆری د. عەبدولـلەتیف لێرە هەن و نامانەوێ بۆ چەواشەکاری ئەوان بانگ بکەن و بڵێن هیچ رووینەداوە."
زانکۆی سلێمانی: گوێ لە قوربانییەکان دەگرین
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکان و دروستبوونی کاردانەوەی زۆر، 18ی حوزەیران زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ دەرخستنی راستییەکان پێکهێناوە.
د. یۆهان عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لیژنە ناوی لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونە، بۆیە بێگومان بەدواداچوونی ورد بۆ هەموو ئەو بابەتانە دەکات پەیوەستن بە دۆسیەکەوە."
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی گوتی، "لیژنە کەسانی یاسایی تێدایە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتی لە سلێمانی کارەکان دەکەن و لە کەیسەکە دەکۆڵنەوە."
لەبارەی داواکاری خوێندکارانی کۆلێژەکەوە کە کچەکان دەیانەوێت شایەتی بدەن، د. یۆهان عوسمان گوتی، "هەر قوربانییەک بیەوێت بە دڵنیاییەوە 100% گوێی لێ دەگیرێت، لیژنە هیچ بابەتێکی کەیسەکان پشتگوێ ناخات."
خوێندکارەکان: نمرە بۆ کاری ناڕەوا بەکارهێندراوە
خوێندکارەکان لە راگەیێندراوەکەدا 6 خاڵیان وەکو تۆمەت دژی د. عەبدولـلەتیفی مامۆستایان بڵاوکردووەتەوە، لە خاڵێکدا دەڵێن، "یاریکردن بە نمرە؛ نمرەی بەکارهێناوە لە بەرامبەر ئەوەی قوربانییەکان کاری ناڕەوای لەگەڵ بکەن، ئەمەش بەردەوام ناڕەزایی خوێندکاری لێکەوتووەتەوە، کە فەرق و جیاوازییەکە زۆر روونە."
لە خاڵێکی دیکەدا قوتابییەکان دەڵێن، "فرۆشتنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی لەپێناو رازیکردنی کچەکاندا بەکارهێناوە، کە ئەم بابەتەش بە بەڵگەوە لە بەردەستمانە و قوربانییەکەش ئامادەی شایەتیدانە لە بەرامبەر لیژنە و داواکاری گشتیدا."
سەرەتای کەیسەکە
سەرەتا دەنگەکان لەلایەن گەنجێکەوە بڵاوکراونەوە لە دەرەوەی وڵات دەژی و ناسناوی (یاخی) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و خۆی ناوی بیلال مەحموودە.
بیلال مەحموود بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "د. عەبدوللەتیف چوار کچی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان (شەریعە) کە خوێندکاری خۆین، هەڵخەڵەتاندووە و گێچەڵی سێکسیی پێکردوون."
ئەو دەنگانەی بڵاوکراونەتەوە تەنیا دەنگی پیاوە. یاخی دەڵێ، "بە چەند کاژێر مۆنتاژم کردووە بۆ ئەوەی دەنگی ئافرەتەکان بڵاونەبێتەوە. ئەوان متمانەیان بە من کردووە و ناکرێ رێگە بدەم بناسرێنەوە لەبەر دۆخی کۆمەڵایەتی."
لەبارەی رەتکردنەوەی تۆمەتەکان لەلایەن تۆمەتبارەوە یاخی بە رووداوی گوت، "من دەیان بەڵگەم هەیە و لە بری کچێک چوار کچی هەڵخەڵەتاندووە، کە خۆیان قسە دەکەن، جگە لەوانەی لەبەر کۆمەڵگە و شەرمی خۆیان تاوەکو ئێستا نەیانوێراوە قسە بکەن."
لەبارەی سەرچاوەی بەڵگەکانەوە، یاخی بە رووداوی گوت، "سەرەتا یەکێک لە کچەکان زانیارییەکانی بۆ ناردم، دواتر کە بینیم و بەدوایدا چوون، بۆم دەرکەوت سێ کچی دیکە گێچەڵیان لەلایەن عەبدوللەتیفەوە پێکراوە."
یاخی گوتی، "سێ جار تەحەدای عەبدوللەتیفم کردووە کە پێکەوە قسە موباهەلە بکەین، بەڵام ئەو ئامادە نییە. ئێستاش دەیڵێمەوە ئامادەم لە کەناڵی رووداوەوە موباهەلەی لەگەڵ بکەم، بەڵام دڵنیابن ئەو ناوێرێ."


