رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی زاخۆ رایدەگەیێنێت، تیمەکانیان دەستیان بە گەڕانێکی فراوان کردووە بۆ دۆزینەوەی منداڵێکی 7 ساڵان بە ناوی میران، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە دەروازەی سێمێلکا ون بووە و گومان دەکرێت لە رووباری دیجلەدا خنکابێت.
بەیانیی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، گوڵستان عەلی لەگەڵ دوو منداڵەکەی، میرانی 7 ساڵان و مێلای 3 ساڵان، لە دەروازەی سێمێلکا لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دەگەڕانەوە. کاژێر 10:00ی بەیانی میران ون بوو و دواتر پێڵاوەکانی لە نزیک رووباری دیجلە دۆزرانەوە.
موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "تیمەکانی بەرگریی شارستانیی زاخۆ و تیمە مەلەوانەکانمان ئەمڕۆ دەستیان بە گەڕانێکی فراوان کرد. تیمەکانمان لەو خاڵانەی دیاری کراون بڵاوەیان پێ کراوە و لە بەیانییەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە کار کردووە."
لەبارەی شوێنی گەڕانەکە و ژمارەی تیمەکان، موقەدەم جەمال گوتی: "ئێمە ئێستا لەو خاڵە سنوورییە دەگەڕێین کە گومان هەیە منداڵەکە لێی کەوتبێتە نێو ئاوەکەوە. بە فەرمی تیمێکی مەلەوانیمان کە لە 6 کەس پێکهاتووە، لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە کار کردووە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە گەڕانەکە لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات و بە درێژایی رووباری دیجلە تاوەکو پشتی بەنداوی موسڵ بەردەوام دەبێت.
گەڕانەکە لە قۆناخی سەرەتاییدا لە رووبەرێکی 5 کیلۆمەتریدا دەکرێت و بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ گوتی، ئەگەر ئەنجام بەدەست نەهێنرێت، "بازنەی گەڕانەکە فراوانتر دەکەین و تیمی زیاتر دەنێرین تاوەکو چیدیکە کات بەفیڕۆ نەچێت."
سەبارەت بە ئاستەنگەکان، موقەدەم جەمال روونی کردەوە: "ئاستەنگی سەرەکی بەرزیی ئاستی ئاو و لێڵییەکەیەتی؛ ئەمەش کاری تیمەکانمان تا رادەیەک قورس دەکات. هەروەها، دواکەوتنی گەیشتنی هەواڵی ونبوونەکە کاریگەریی هەیە، چونکە رووباری دیجلە بەهێزە و رەنگە تەرمەکەی دوورخستبێتەوە."
دێرسیم داوود، باوکی میران، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو کە خێزانەکەی دانیشتووی هەولێرن و 1 مانگ لەمەوبەر بۆ سەردان چووبوونە رۆژئاوای کوردستان و لە کاتی گەڕانەوەیاندا رووداوەکە رووی داوە.



