رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ یەکەم جار دروستکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ خێزانە نوێیەکان لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگای دهۆکەوە دەستیپێکرد.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دروستکردنی فۆڕمی خۆراک بۆ خێزانە نوێیەکان لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد، هەروەها لە دیالە و بابلیش دەستیپێکردوووە، پێشتر تەنیا لە واست دەستیپێکردبوو".
نزیکەی دوو ساڵە بە پاساوی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک، دروستکردنی فۆرمی خۆراک بۆ خێزانە نوێیەکان راگیراوە.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "پێشکێشکردنی ئەو خزمەتگوزارییە لە ئەپلیکەیشنەوە دەکرێت و پێویست ناکات هیچ کەسێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکات بۆ دروستکردنی فۆڕمی خۆراک".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی، هەر کەسێک نەیتوانی فۆڕمی نوێ بۆ خۆی دروستبکات، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوولەی خۆراک بکات بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن.
لەبارەی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شارەکانی دیکەش دروستکردنی فۆڕمەکە بەردەست دەبێت".
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025 پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دروستکردنی فۆڕم بۆ خێزانە نوێیەکان لە سیستمەکەدا کارا نەببوو.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدرا.


