رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی خانزاد لە هەولێر دەڵێن، بەشێک لە ماڵەکان باخچە گشتییەکانیان داگیرکردووە و ئەوەش بووەتە هۆی کەمئاوی لە گەڕەکەکەیاندا؛ بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت، "لەو گەڕەکە کێشەی بنەڕەتیی ئاومان نییە."
ئەحمەد حەسەن، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی خانزادە لە نزیک مزگەوتی شێخ ئەحمەد خەیلانی، لەبارەی کێشەکەیانەوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "چەندین ماڵ هەن باخچەی گشتیی گەڕەکەکەیان سیاج کردووە و داگیریان کردووە، ئەمەش وایکردووە خەڵک نەتوانێت سوود لەو شوێنە گشتییە ببینێت."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات کە داگیرکردنی باخچەکان کاریگەری کردووەتە سەر بەشی ئاوی ئەوانیش و دەڵێت: "کێشەی ئاویان بۆ دروست کردووین، چونکە ئەو ماڵانە دوای پڕکردنی تانکییەکانیان، خەریکی ئاودانی باخچە داگیرکراوەکان دەبن و ئاو بە ئێمە ناگات."
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، لیژنەی تایبەتمەندمان بۆ بەدواداچوونی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی ئاو هەیە."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر روونیکردەوە: "دروستکردنی کەرەڤانە یان پەرژینکردنی باخچەکە، لە چوارچێوەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی شارەوانیدایە."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی گەڕەکی خانزاد کە کێشەی کەمیی ئاویان نییە و دەڵێت: "لەو گەڕەکە بە شێوەیەکی گشتی کێشەی کەمئاویی بنەڕەتیمان نییە، چونکە گەڕەکەکە راستەوخۆ لەسەر هێڵی پرۆژەی ئاوی 'ئیفراز سێ'یە."
وەک رابەر حوسێن باسی کرد، دابەشکردنی ئاو لەو ناوچەیە بە "شێوازی رۆژ نا رۆژێکە" و هاونیشتمانییان هەر جارێک کە ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، بۆ ماوەی 24 کاژێر بەردەوامن دەبێت.



.jpg&w=3840&q=75)