رووداو دیجیتاڵ
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان، لە لێواری پڕبوونی تەواوەتی و سەرڕێژبووندایە. قایمقامی قەزاکەش ئاشکرای دەکات کە بەهۆی زیادکردنی بەردانەوەی ئاو بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، سەرڕێژبوونی بەنداوەکە تاوەکو ئێستا دواکەوتووە.
رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاستی ئاوی ناو بەنداوی دووکان گەیشتووەتە 510 مەتر و 85 سانتیمەتر، بەمەش تەنیا 15 سانتیممەتری ماوە بۆ ئەوەی بەنداوەکە بە تەواوەتی پڕ بێت و سەرڕێژ بکات."
لەبارەی بڕی ئاوی کۆکراوە، قایمقام ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا 6 ملیار و 969 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا گلدراوەتەوە.
سیروان لالە سەرحەد هۆکاری سەرڕێژنەبوونی بەنداوەکەی بۆ زیادبوونی خواستی کارەبا گەڕاندەوە و گوتی: "بەهۆی زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان لەسەر وزەی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان داوای لێکردووین ئاوی زیاتر بۆ تۆرباینەکانی وێستگەی کارۆئاوی دووکان بەربدەینەوە، ئەگەر ئەوە نەبووایە دەمێک بوو بەنداوەکە سەرڕێژی کردبوو."
لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و وا پیشان دەدرێت کە بەنداوەکە سەرڕێژی کردبێت، قایمقامی دووکان روونکردنەوەی دا و گوتی: "ئەوەی لە ڤیدیۆکاندا دەبینرێت سەرڕێژبوون نییە، بەڵکو پریشکەی ئاوی بەنداوەکەیە کە بەهۆی هەڵکردنی کزەبای بەیانیانەوە دروست دەبێت."
بەنداوی دووکان بە توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاو، دوای هەردوو بەنداوی موسڵ و حەدیسە، بە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.



