رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی زانکۆ لە شاری سلێمانی گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی کۆڵان و شەقامەکانیان دەکەن. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێ، بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارەکانیان بە قەرز رادەپەڕێنن، بەڵام گەڕەکی راپەڕین لە پلانیاندایە و دوای شەقامە سەرەکییەکان نۆرەی نێو گەڕەکەکان دێت.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی زانکۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە کێشەی گەڕەکەکەیان دەخاتەڕوو و دەڵێ: "کۆڵانەکانی نێو گەڕەکەکەمان وێرانن، ساڵانێکە قیرکراون و هەموو رێگە و شەقامەکان زۆر خراپن. لە کاتێکدا ئێستا بەشێکی زۆری شەقامەکانی سلێمانی قیرتاو دەکرێن، داواکارین گەڕەکەکەی ئێمەش قیر بکرێ."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی رابردوودا تەنیا یەک دوو کۆڵان کاری تێدا کراوە، بەڵام کۆڵانەکانی دیکە و رێگە سەرەکییەکەی گەڕەکەکە زۆر خراپن و دەڵێت: "داواکارین لانیکەم رێگە سەرەکییەکەمان بۆ چاک بکەن بۆ ئەوەی خەڵک لەم دۆخە سەختە رزگاری بێت."
شارەوانیی سلێمانی: پێشینە بۆ رێگە سەرەکییەکانە
سەبارەت بە داواکاریی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، ئەندازیار توانا بەهادین، لێپرسراوی بەشی ئامێرەکان و کارگەی قیر لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "گەڕەکی راپەڕین بە گشتی پلانمان بۆ داناوە، بەڵام جارێ تەنیا سەرقاڵی رێگە و شەقامە سەرەکییەکانین."
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی قیرتاوکردنی کۆڵانەکان، توانا بەهادین گوتی: "پێشبینی دەکەم تا مانگێکی دیکەش هەر خەریکی هێڵە سەرەکییەکان بین. ئەو دوو سێ مانگەی کۆتایی (هاوین) کە دەمێنێتەوە، دایان دەنێین بۆ گەڕەک و کۆڵان و رێگە لاوەکییەکان."
لێپرسراوی کارگەی قیری سلێمانی باسی لە کاریگەری دۆخی دارایی لەسەر کاری تیمەکانیان کرد و ئاشکرای کرد کە بەهۆی راگرتنی پێشینە و بودجەوە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، تووشی بارگرانی و قەرزێکی زۆر بوون و گوتی: "دوایین پێشینە بۆمان خەرجکراوە مانگی ئادار بوو و هەموو شتێکمان وەستاوە. ئێستا هەموو شتێکمان بە قەرزە، بەڵام دەڵێین با کارەکان نەوەستن و خزمەتی خەڵک بکرێت."
دوایین زانیاری لەسەر هەڵمەتی قیرتاوکردنی شەقامەکان
سەبارەت بەو شوێنانەی کە لەم هەڵمەتەدا کارەکانیان تەواو بووە یان لە پلان ماون، ئەندازیار توانا بەهادین گوتی:
•شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود: بە شێوەیەکی گشتی تەواو بووە.
•سایدەکانی هەواری شار: کارەکانی تەواو بووە.
•پردی باخی بەختیاری بۆ نێو بەکرەجۆ: یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکان و لە پلاندایە بەم نزیکانە دەست پێ دەکات.
•شەقامی 30 مەتریی ئازادی: یەک دوو شەقامی سەرەکی لەوێ ماون و لە داهاتوودا کاریان تێدا دەکرێ.
لێپرسراوی بەشی ئامێرەکان و کارگەی قیری سلێمانی ئاماژەی بە کار و ماندووبوونی تیمەکانیان کرد و رایگەیاند، لە کاتێکدا خەڵک دوو بۆ سێ رۆژ دەوام دەکات، تیمەکانی ئەوان هەفتانە شەش رۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەی زووتر شەقامەکان چاکبکرێن و قیرتاوبکرێن.



