رووداو دیجیتاڵ
لەدوای جەژنی قوربانەوە، شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکانی سەر شەقام، عەرەبانە و دەستگێڕەکان دەستپێکردووە. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیی کاسبکارانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، ئەم عەرەبانانە تەنیا سەرچاوەی بژێویی خێزانەکانیانن، لە بەرامبەردا شارەوانی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی تەندروستیی گشتی دەکاتەوە.
کاسبکارێک: عەرەبانەکانمان سەرچاوەی بژێویی 5 خێزانە
هونەر عەلی، کاسبکارێکە لەسەر رێگەی کەرکووک، بە رادیۆی رووداو گوت، "3 عەرەبانەم هەیە و ئەم کارە سەرچاوەی بژێویی 5 خێزانە؛ تەنانەت پێشمەرگە، مامۆستا و منداڵی شەهیدیش لێرە کار دەکەن."
ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێر 04:00ی ئێوارە تاوەکو 01:00ی شەو کار دەکەن و دواتر تەواوی شوێنەکە پاک دەکەنەوە. گوتیشی، "خۆم لە خانووی کرێدام و منداڵێکی نەخۆشم هەیە. پێشتر شارەوانی عەرەبانەکەمانی برد و تێکیشکاند، ئێستاش لە شارەوانیی پێنج پێمان دەڵێن، ئەگەر عەرەبانەکان دانێنەوە دەیانبەین و چیدیکە ناهێڵن کار بکەین."
بەڕێوەبەری شارەوانیی پێنج: هیچیان مۆڵەتیان نییە و گۆشتی سەر جادە دەفرۆشن
تارا عەبدولغەنی، بەڕێوەبەری شارەوانیی پێنج لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، ئەم هەڵمەتە گشتییە و هەمووان دەگرێتەوە، چونکە هیچ شتێک بەناوی عەرەبانەی رێگەپێدراو بوونی نییە. گوتیشی، "ئەوانەی خواردن دەفرۆشن هیچیان مۆڵەتیان نییە. ئێستا بەرەو هاوین دەڕۆین و هەموو گۆشت و پێداویستییەکانیان لەو گەرمایەدا تێکدەچن."
بەڕێوەبەری شارەوانیی پێنج ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر چەندین جار هەڵمەتیان هەبووە، بەڵام نەتوانراوە بە تەواوی کێشەکە بنبڕ بکرێت. ئەو جەختی کردەوە، ئێستا رێکارەکان تووندن و "ئەم هەڵمەتە لەسەر راسپاردەی وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شارەوانی دەستیپێکردووە و هیچ چاوپۆشییەک ناکرێت."
سەبارەت بەو کۆشکانەی مۆڵەتیان هەیە، تارا عەبدولغەنی روونکردنەوەی دا و گوتی، "ئەو کاسبکارانەی کۆشکی مۆڵەتداریان هەیە، ئێمە کارمان پێیان نییە، بەڵام لە قۆناخی داهاتوودا پێشنیازمان کردووە تەنانەت ئەو کۆشکانەش ئەگەر مۆڵەتی تەندروستییان نەبێت، رێگەیان پێنەدرێت کار بکەن."



