رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەیەکی دێرین لە سنووری قەزای ئاکرێ دەڵێت، باخێکی کە زیاتر لە 150 ملیۆن دیناری تێدا خەرج کردبوو، 18 ساڵ لەمەوبەر بە پاساوی زێدەڕۆیی رووخێندراوە؛ ئێستاش زەوییەکە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا تەرخان کراوە و ئەویش داوای قەرەبوو دەکات.
عەلی سادق میرزا، تەمەن 74 ساڵ، کە 42 ساڵ پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان بووە، کێشەی زەوییەکەی لە رێگەی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداوەوە خستەڕوو. بەرەڤان عەلی، کوڕی ئەو پێشمەرگەیە بە رووداوی راگەیاند، "باوکم لە ساڵی 2006 بە مۆڵەتی فەرمیی قایمقامیەت و کشتوکاڵ، 42 دۆنم زەوی کردە باخ و زیاتر لە 8000 دار زەیتوون و بادەمی تێدا چاند، بەڵام لە ساڵی 2008 شارەوانی بە شۆفڵ هەموو باخەکەی تێکدا."
بە گوتەی بەرەڤان عەلی، دوای ساڵانێکی زۆر لە بەدواداچوون، لە ساڵی 2023 لیژنەیەکی هاوبەشی پارێزگای دهۆک و ئاکرێ زیانەکانی ئەو باخەیان بە زیاتر لە 150 ملیۆن دینار خەمڵاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دینارێکیان وەک قەرەبوو وەرنەگرتووە.
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئاکرێدا دەستپێبکات. کوڕی ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت، "بڕیارە 600 پارچە زەوی لەسەر زەوییەکەی ئێمە بدرێتە فەرمانبەران. تەنانەت باوکم سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بینیوە و جەنابیان رێنوێنیی داوەتە پارێزگاری دهۆک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام هێشتا غەدرمان لێدەکرێت."
لەسەر ئەم بابەتە، بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، "زەوییەکە گرێبەستی کشتوکاڵییە و موڵکی کەسی نییە. لیژنەی پەیوەندیدار قەرەبووی رێژەی 3%ی زەوییەکەی بۆ داناون و ئامادەیە، ئەگەر خۆیان نەیانەوێت ئەوە بابەتێکی دیکەیە."
سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان دۆسیەکە دەدەنە فەرمانگەی تاپۆ بۆ ئەوەی خاوەنەکەی مامەڵەی تاپۆکردنی بۆ بکات، "ئەگەر تاپۆی نەکات ئەوە کێشەی خۆیەتی."
بەڵام خێزانی ئەو پێشمەرگە دێرینە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن لیژنەیەکی باڵا و سەربەخۆ بنێرن بۆ پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکانیان و دەڵێن، "ئێمە هەموو مۆڵەتەکانمان یاسایی بوون، با مافی پێشمەرگەیەکی بەساڵاچوو نەخورێت."



