رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران رایدەگەیێنێت، تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوندەکانیشەوە، کەوتوونەتە نێو پڕۆژەی 'رووناکی' و کارەبای 24 کاژێرییان هەیە. دەشڵێت، بەهۆی پڕۆژەکەوە لۆدی کارەبا بۆ یەک لەسەر سێ کەمبووەتەوە و نزیکەی 200 موەلیدەی ئەهلییش کوژێندراونەتەوە.
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، "پڕۆژەی رووناکی لە سنووری ئیدارەی سۆران بە دوو قۆناخ جێبەجێ کرا؛ قۆناخی یەکەم بۆ سەنتەری شار و قۆناخی دووەمیش بۆ پێنج قەزاکەی دەوروبەر بوو. ئێستا 100%ی ئیدارەکە بە گوندەکانیشەوە کارەبای بەردەوامیان هەیە."
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاستی خواست لەسەر کارەبا کرد و گوتی، "پێش پڕۆژەی رووناکی، بەرزترین خواست (Peak Load) لە زستاناندا دەگەیشتە نزیکەی 380 مێگاوات، بەڵام لە زستانی ئەم ساڵدا، کە سەختترین زستانی 36 ساڵی رابردوو بوو، بەرزترین خواست لە 120 مێگاوات تێنەپەڕی، واتە بۆ یەک لەسەر سێ دابەزیوە."
سەبارەت بە کاریگەرییە ژینگەییەکانیش، ئەردەوان ئیبراهیم ئاشکرای کرد، 196 موەلیدەی ئەهلی لە 6 قەزاکەی سۆران کوژێندراونەتەوە، کە ساڵانە نزیکەی 23 هەزار تۆن دوانەئۆکسیدی کاربۆنیان فڕێدەدایە ژینگەی ناوچەکەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران، کۆی گشتیی هاوبەشانی کارەبا 94 هەزار هاوبەشە، 80%ی هاوبەشان پۆلی ماڵانن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، قەرزی کۆنی کارەبا لای هاوبەشان نزیکەی 80 ملیار دینارە.
لەبارەی دابەشکردنی پسوولەشەوە، ئەردەوان ئیبراهیم گوتی، ئێستا سیستمەکە کەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی و مانگانە دابەش دەکرێت، هەروەها نزیکەی 30%ی هاوبەشان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی پسوولە)وە پارەی کارەبا دەدەن.
کارەبای ناحیەی حاجی ئۆمەران لە ئێران دابین کراوە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە بەدەست کەمیی کارەباوە دەناڵێنێت، بۆیە مەترسی لەسەر بڕینی کارەبای حاجی ئۆمەران هەیە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران گوتی، "بە گوژمەی 16 ملیار دینار کارەبای نیشتمانی گەیێندراوەتە ناحیەکە و لە ئامادەباشیی تەواوداین؛ ئەگەر کارەبای هاوردەی ئێران ببڕێت، لە ماوەی 20 خولەکدا کارەبای نیشتمانییان پێدەدەین."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا نزیکەی 2000 هاوبەش لە سنوورەکەدا سیستمی وزەی خۆر (سۆلار) بەکاردەهێنن، "هەر هاوبەشێک سۆلار بەکاربهێنێت و وزەی کارەبای لە پێویستیی خۆی زیاتر بێت، دەتوانێت کارەبا زیادەکە بگەڕێنێتەوە ناو تۆڕی نیشتمانی و حکومەت لێی وەردەگرێتەوە."



