رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان سەردانی ماڵی هەڵکەوت عەزیزیان لە کەرکووک کرد. رێبوار تەها، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە رایگەیاند، بڕیاریانداوە، قوتابخانەیەک بە ناوی هەڵکەوتەوە بنێن و پەیکەرێکیشی بۆ دروست بکەن.
شاندەکە پێکهاتبوون لە رێبوار تەها، کە هاوکات جێگری پارێزگاری کەرکووکە، ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکووک – سەڵاحەدینی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکە، سەردانی ماڵی هەڵکەوت عەزیزیان لە شاری کەرکووک کرد.
رێبوار تەها لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە سەردانەکەدا چاومان بە مام عەزیز باوکی هەڵکەوت و براکانی کەوت و بڕیارمان دا خوێندنگەیەک لە کەرکووک بەناوی هەڵکەوتەوە بنێین و پەیکەرێکشی بۆ دروست بکرێ".
ئاسۆ مامەند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کاک هەڵکەوت تەنیا لە کەسوکارەکەی نەڕۆشت؛ پیاوێکی خۆشەویستی خەڵک و رۆژنامەڤانێکی بە ئەزموون و بەهێز بوو، مێژوویەکی جوانی بۆ خۆی تۆمار کرد".
ئاسۆ مامەند کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە گوتی: "نەوەکو باوک و کوڕەکەی کاک هەڵکەوت، ئێمەی کەرکووکییەکان هەموومان شانازی پێوە دەکەین".
ئاسۆ مامەند گوتیشی: "چونکە هەڵکەوت خۆی مامۆستا بووە، پێمانگوتوون چۆنیان پێ باشە قوتابخانەیەک [بە ناوی هەڵکەوتەوە دەنێین]. هەروەها ئەگەر رازیبن و پێویست بکات پەیکەرێک دەکەین لەناو هۆڵی رۆشنبیری؛ هەڵکەوت شایستەی ئەوەیە بۆ مێژووی شارەکەمان".
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، 8ـی ئەم مانگە بۆ کارێکی میدیایی لەگەڵ تیمێکی رووداو لە بەغداوە بەرەو بەسرە بەڕێکەوت، لە رێگەی خێرادا لە سنووری پارێزگای دیوانیە بارهەڵگرێک لە رێڕۆی خۆی لایدا و رێگەکەی لێ داخستن، بەهۆیەوە هەڵکەوت عەزیز بە سەختی برینداربوو، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی سپارد.



