رووداو دیجیتاڵ دایک و باوکی یاد سەرباز سامپڵیان بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی دا. بەڕێوەبەری بەشی بایۆلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوان دەڵێ، هەموو هەوڵێک دەدەن زوو ئەنجامی پشکنیکە دەربچێ بە جۆرێک لە هەفتەیەک تێپەڕنەبێت و یەکلایی بێتەوە کە ئایا تەرمە دۆزراوەکە یادە یان نا. رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، باوکی یاد سەرباز بە رووداوی گوت: "لە دادپزیشکیی سلێمانی پێیان گوتین بڕۆنە هەولێر سامپڵ بدەن بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە تەرمی یادە یان نا. ئێمەش هاتین و سامپڵمان دا و رێکارمان تەواو کرد". باوکی یاد گوتی: "گومانمان لە کەس نییە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان دەکەین." هاوکات عەقید دکتۆر شاخەوان خالید، بەڕێوەبەری بەشی بایۆلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەرچوونی ئەنجامەکانی پشکنینی دایک و باوکی یاد ئاسانە و زوو دەردەچێت، بەڵام ئەو تەرمەی نێردراوە و گومان دەکرێ یاد بێت، کاریگەری لەسەر کاتی دەرچوونی پشکنینەکان دەبێت." عەقید دکتۆر شاخەوان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر خوێن یان گۆشتی تەرمەکە مابێت ئەنجامەکە زووتر دەردەچێ، بەڵام "ئەگەر تەنیا ئێسک مابێت و ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیبێت، ئەوە پێویستی بە هەندێک کات دەبێت. دوای ئەوەی سامپڵەکانمان بە دەست گەیشت بە فەرمانی دادوەر، هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو بە زووترین کات ئەنجامەکە وەربگرینەوە و بەراوردی بکەین بە پشکنینەکانی دایک و باوکی یاد و ئەم رێکارانەش لە هەفتەیەک تێپەڕنەکات." بەڕێوەبەری بەشی بایۆلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوانی هەرێمی کوردستان گوتی، وەزارەتی ناوخۆ باشترین ئامێر و پزیشکی پسپۆری هەیە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن بە زووترین کات ئەنجامەکە رابگەیێنن. چیرۆکی یاد سەرباز چۆن بوو؟ چیرۆکەکە لە 28ـی مانگی رابردوو دەستی پێکرد، کاتێک یاد سەربازی تەمەن 4 ساڵ چووە گوندی ئێندزە بۆ سەردانی ماڵی باپیری و لەوێ ونبوو. گەڕان لەلایەن ئاسایشی بناری قەندیلەوە دوای تەنیا 2 کاژێر و نیو بە هۆکارێکی نادیار راگیرا. دوای 15 رۆژ لە ونبوونی یاد و لە رۆژی 12ـی ئەم مانگە، دوو هاونیشتیمانی دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە بۆ گیای بەهارە روویان لە ناوچەکە کرد و لەژێر تاڤگەیەک بە ناوی (سوولێ قەلێتان) پارچە ئێسک و جلوبەرگی منداڵێکیان بینی.
هەواڵە ناوخۆییەکان15-06-2026خاڵی ئەو ژنەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە هەولێر سووتا: سکاڵامان لەسەر کەس نییە