رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆیە راگەیاند، دوو رۆژ بوو گەشتیارێکی عەرەب لە سەیرانگای بۆگد خنکابوو، ئێستا تەرمەکەیمان دۆزیەوەتەوە.
رۆژی 13ـی ئەم مانگە، کەسێک لە سەیرانگای بۆگد لە کۆیە خنکا.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزیرانی 2026، گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێوە ئاوی زێی بچووک گیرابووەوە تاوەکو ئاوەکە کەم بێتەوە و گەڕان بەدوای هاونیشتمانییەکە ئاسانتر بێت. هەر بۆیە ئەمڕۆ توانیمان تەرمی ئەو گەشتیارە عەرەبە بەدۆزینەوە".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە گوتی، تیمەکانمان لە کاژێر 06:00ـی بەیانییەوە خەریک بوون نزیک کاژێر 1:15 خولەک دۆزرایەوە.
ئەو کەسەی خنکاوە ناوی عەبدوڵڵا نزارە، دانیشتووی کەرکووکە و تەمەنی 18 ساڵە. وەکو گۆران ئەحمەد دەڵێت: بۆ مەلە چووبووە ئەو شوێنە.
رووداوەکانی خنکان لە هەرێمی کوردستان
11ـی ئەم مانگە، کەسێک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی خنکا و رۆژی دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گەڕان بەدوای 2 کەسی دیکەدا بەردەوامە.
هەر لە رۆژی 13ـی مانگ، کەسێک لە بەنداوی گۆمەسپان لە پارێزگای هەولێر خنکا. مقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسە کاژێر 06:00ـی ئێوارەی رۆژی شەممە ونبووە و تاوەکو ئێستا نەماندۆزیوەتەوە".
لەبارەی هەوڵی نوێ. شاخەوان سەعید گوتی، "ئەمڕۆ توانیمان ئەو شوێنە وردە دیاری بکەین کە رووداوەکەی لێ بەسەر هاتووە، بۆیە هیوایەکی زۆرمان هەیە ئەمڕۆ تەرمەکە بدۆزینەوە."
هەروەها رۆژی 9-6-2026، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی (روقیە رافید) کە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کەربەلاوە بە مەبەستی گەشتکردن چووبوونە سەیرانگەی زەڵم لە پارێزگای هەڵەبجە، کەوتە ناو ئاوەکەوە و بێسەروشوێن بوو.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ 7 رۆژی تەواوە تیمی مەلەوانیی ئێمە و پۆلیسی دارستان بەدوای تەرمی ئەو منداڵەدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە. کۆمەڵێک رێگەی جیاوازمان تاقیکردووەتەوە".
دوو رۆژ هاوینەهەواری ئەحمەئاوا داخرابوو. بە گوتەی زانیار عومر، ئێستا سەیرانگەکە کراوەتەوە و گەڕانیشیان بەردەوامە

.jpg&w=3840&q=75)
