رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە رۆژێک بەسەر ونبوونی گەنجێکی عەرەب لە زێی بچووک تێدەپەڕێت و بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیەش راگەیاند، بۆ ئەوەی مەلەوانەکان بتوانن تەرمەکە بدۆزنەوە، ئاوی زێیەکە لە بەنداوی دووکانەوە دەگیرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزیرانی 2026، گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە رۆژێک بەسەر ونبوونی تەرمی ئەو گەنجە عەرەبە تێپەڕیوە کە لە سەیرانگەی بۆگد بێسەروشوێن بووە، بەڵام هێشتا نەدۆزراوەتەوە".
لەبارەی بەربەستی بەردەمیان گۆران ئەحمەد گوتی: "بەهۆی زۆری و بەخوڕیی ئاوەکە تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی تیمەکانی مەلەوانی بتوانن بە وردی بگەڕێن، بڕیارێکی نوێ دراوە و گوتی: "لە کاژێر 12:00ـی ئەمشەوەوە تاوەکو کاژێر 07:00ـی بەیانی، ئاوی زێی بچووک لە بەنداوی دوکانەوە بگیرێتەوە، تاوەکو کەمێک بەخوڕیی ئاوەکە کەم بێتەوە و مەلەوانەکان بتوانن ئەو شوێنانە بگەڕێن کە گومانیان لێی هەیە."
گۆران ئەحمەد دەڵێت، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و بەیانی زوو تیمەکانی مەلەوانی دەست بە گەڕانێکی چڕ دەکەنەوە، بەو هیوایەی سبەی بتوانن تەرمی ئەو گەنجە بدۆزنەوە.
.jpg&w=3840&q=75)



