رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە سنووری قەزای شارەزوور کەسێکیان بە تۆمەتی دزینی گەنم دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026 پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "بەشی پۆلیسی شارەزووری بەڕێوەبەرایەتیمان تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد، کە بڕێکی زۆر گەنمی هاووڵاتییەکی دزیبوو."
رائید ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆمەتبارەکە خەڵکی ناوچەکەیە و گەنمەکەش کە دزیویەتی پڕ بە پیکابێک بووە."
پۆلیس رایگەیاندووە، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لە ئەنجامی سکاڵای هاونیشتمانییەک بووە، کە گەنمەکەی لێ دزراوە. راشیگەیاند، "دەست بەسەر ئەو بڕە گەنمەدا گیرا، کە تۆمەتبار دزیبووی لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلەدا کە تاوانەکەی پێ کردووە."
پۆلیسی ناسنامەی تۆمەتبارەکەی بە (ک. ک. ح) لەدایکبووی 1986 بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەگوێرەی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێ.



