رووداو دیجیتاڵ
کەسێکی نزیکی ئەو منداڵەی لە بناری قەندیل بێسەروشوێن بوو، دەڵێ، ئەو ئێسکە سەرەی لە پشت گوندی ئێندزێی ناوچەکە دۆزراوەتەوە ئێسکەسەری یاد سەربازە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رووداوەکە گوماناوییە و دەستی ئەنقەستی تێدایە، ''چونکە منداڵێکی بچووک ناتوانێت بگاتە ئەو شوێنە''.
ئەمڕۆ شەممە 13-06-2026، کەسێکی نزیکی یاد سەرباز، منداڵە تەمەن چوار ساڵانەکە، سەبارەت بەو تەرمەی لە بناری قەندیل دۆزرایەوە بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند: ''دوێنی کاژێر 12:30 تەلەفۆنێک بۆ باوکم کرا و گوتیان دوو کەس لە خەڵکی چوارقورنە هاتوون بۆ چیاکانی ناوچەی بناری قەندیل و گوندی ئێندزێ و ئێسکە سەرێکیان دۆزیوەتەوە.''
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو ئێسکە سەرەی دۆزراوەتەوە هی یاد سەربازە و رایگەیاند: ''ئەو دوو هاونیشتمانییە دوو رۆژ لەمەوپێش ئێسکە سەرەکەیان بینیوە، بەڵام پەشۆکاون و نەیانوێراوە باسی بکەن. دواتر بیریان هاتووەتەوە کە پێشتر لە بناری قەندیل منداڵێک بێسەروشوێن بووە.''
ئەو خزمەی یاد سەرباز ئەوەشی خستەڕوو، دوێنێ هەینی ئەو دوو هاونیشتمانییە لەگەڵیان چوونەتە شوێنی دۆزینەوە تەرمەکە و ''سەرەتا ئێسکە سەرێکمان بینی، دوای ئەوە گەڕاین بزانین چی دیکە هەیە، بە رووبەری 70 مەتر چوارگۆشە جلوبەرگ و پێڵاوەکانی، هەروەها حەوزیمان دۆزییەوە. لە خوشک و برای یادم پرسی و گوتیان ئەوە جلوبەرگ و پێڵاوی خۆیەتی، دواتر دڵنیا بووینەوە کە منداڵەکەی ئێمەیە.''
ئەو هاونیشتمانییە سەبارەت بە هۆکاری بێسەروشوێنبوونی یاد سەرباز و ئەگەری گەیشتنی بەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە، گوتی: ''تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی یەکلاییکەرەوە نییە کە بڵێین رووداوەکە دەستی کێی تێدایە، واتە بەڵگەی سەلمێنەرمان بەردەست نییە.''
ئەو خزمەی منداڵەکە ئەوەشی خستەڕوو، گومانیان لا دروست بووە دەستی ئەنقەست لە رووداوەکەدا بووبێت، ''چونکە بە هیچ شێوەیەک منداڵێک ناتوانێت بگاتە ئەو شوێنە، مەگەر کەسێک بەتوانا بێت. تەنانەت ئێسکەکان براونەتە ئەوبەری رووباریش. منداڵێک چۆن گەیشتووەتە ئەو شاخ و دۆڵە.''
یاد سەرباز، تەمەنی چوار ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێرە. یاد لەگەڵ دایکی، نەنکی و خاڵی بۆ سەردانی ماڵی باپیری چووبووە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل، بەڵام لەدوای نیوەڕۆی 22ی مانگی رابردووەوە بێسەروشوێن بوو.
دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینی، تەرمی منداڵێک لە بناری قەندیل دۆزرایەوە و گومانەکان بە ئاراستەی ئەوەن کە تەرمی (یاد سەرباز) بێت. بە گوتەی نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بۆ رووداو، جلوبەرگی ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە لە جلوبەرگی (یاد سەرباز) دەچێت.
بەڵام وەک شایەتحاڵەکان و چەند بەرپرسێکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە رووداویان راگەیاند، لەبەرئەوەی "تەرمەکە شێوێندراوە"، بۆیە نەتوانراوە بەئاسانی ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێ و رەوانەی دادپزیشکیی سلێمانی کراوە و چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی توێکارییەکە دەکەن.
سەرباز باڵەک، باوکی یاد، پۆستێکی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە کە چەند وێنەیەکی جلوبەرگی دڕاو و خوێناوییە و نووسیویەتی: "کوڕم حەقت نافەوتێت، دڵنیابە بکوژەکە بە سزای خۆی دەگەیێنین. بۆ خۆت ئارام بنوو، کوڕی شیرینم."


