رووداو دیجیتاڵ ئەم ساڵ لە پارێزگای دهۆک بەرهەمێکی زۆری گەنم هەیە و پێشبینی دەکرێت بگاتە 700 هەزار تۆن، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا 115 هەزار و 745 تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەردەگرێت، کە ئەوەش تەنیا 13%ی کۆی بەرهەمەکە پێکدەهێنێت. بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆکیش دەڵێت، بەهۆی ئەو بڕیارەوە 87%ی گەنمی جووتیاران لەسەر زەوی دەمێنێتەوە. نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵە لە دهۆک، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "نووڕۆژ"ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، وردەکاریی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، بەرهەمی ئەم ساڵ لە نێوان 650 هەزار بۆ 700 هەزار تۆندایە. بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان بە گشتی تەنیا 400 هەزار تۆن لە پلانی وەرگرتندایە؛ لەو بڕەش 292 هەزار تۆنیان لەناو پلاندایە و بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت، 108 هەزار تۆنیشی لە دەرەوەی پلانە و بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێت." سەبارەت بە پشکی پارێزگای دهۆک، نازم محەممەد ئاماژەی بەوە کرد: "پشکی دهۆک 84 هەزار و 745 تۆن لەناو پلاندایە و 31 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە. ئەم بڕە بەراورد بە بەرهەمی گشتی زۆر کەمە؛ دەتوانین بڵێین تەنیا 10%ی گەنمەکەمان لەناو پلان و 3%یشی لە دەرەوەی پلان وەردەگیرێت." پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە 11ی حوزەیران بە سەردانی وەزیری بازرگانیی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی کارانەکردنی سیستەمی تۆمارکردنی پێشوەختە، پرۆسەکە کەمێک دواکەوت. بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک گوتی: "رۆژی 12ی حوزەیران لە سایلۆی فایدیە توانیمان گەنم وەربگرین و هەزار و 206 تۆن وەرگیرا. ئەمڕۆ 13ی حوزەیرانیش سایلۆکانی دیکەی وەک شێخان، زاخۆ و رۆڤیا دوای کاراکردنی بەرنامەی تۆمارکردن، دەستیان بە وەرگرتنی گەنم کردووە." سەبارەت بەو بڕە گەنمە زۆرەی کە لە جووتیاران وەرناگیرێت، نازم محەممەد روونی کردەوە، کە ئەمە کێشەیەکی نوێ نییەو گوتی: "ئەم ئابڵۆقە و رێکارانەی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2017وە لەسەر هەرێمی کوردستان هەن. پلانی وەرگرتنی گەنم لە سەرانسەری عێراق بڕیارێکی 'سیادی'یە. ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر جووتیاران هەیە، چونکە نزیکەی 87%ی گەنمەکەیان لەلا دەمێنێتەوە و بەغداش رێگە نادات ئەو گەنمە بنێردرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق." دەربارەی چارەنووسی گەنمە ماوەکە و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "کڕین و فرۆشتنی گەنم تەنیا لە دەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدایە، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران هەبووە، کە لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنان و کۆمپانیاکانەوە جێبەجێ دەکرێن. هەروەها حکومەت دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاند، کە بە هەموو توانایەک هاوکاری جووتیاران دەکات بۆ ئەوەی زیانی گەورەیان بەرنەکەوێت." یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی جووتیاران، پرسی شایستە داراییەکانیانە. نازم محەممەد ئاشکرای کرد، کە تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەکی فەرمی بۆ پێدانی پارەی ئەم ساڵ نەگەیشتووە. هەروەها ئاماژەی بە قەرزە کۆنەکانیش کردو گوتی: "هێشتا بەشێک لە پارەی ساڵانی رابردوو لای بەغدا ماوە؛ بۆ جووتیارانی دهۆک، لە کۆی 83 ملیار دینار، هێشتا 43 ملیار دیناری لای وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەک قەرز ماوەتەوە." لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوو رۆژ لەمەوبەر بڕی 10 ملیار و 875 ملیۆن دینار بۆ جووتیارانی دهۆک هاتووەو لە ئایندەیەکی نزیکدا دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان، هیوایشی خواست تەواوی پارەی ماوەی جووتیاران خەرج بکرێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان13-06-2026تاقیکردنەوەی پۆلی 12 بەڕێوەدەچێ؛ مۆبایل لە زیاتر لە 136 هەزار کەس قەدەخەدەکرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان13-06-2026نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ نزیکەی هەزار و 200 دینار بەرزبووەوە