رووداو دیجیتاڵ
دانا کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "مەلا قاتیل" ناسراوە، لەگەڵ دوو کەسی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران.
رۆژی سێشەممە، 09ـی حوزیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "دانا عیزەدین، ناسراو بە مەلا قاتیل، دوێنێ لەلایەن ئاسایشی راپەڕینەوە دەستگیرکراوە و دواتر رەوانەی ئاسایشی هەرێم-سلێمانی کراوە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، تەنیا مەلا قاتیل دەستگیر نەکراوە، بەڵکو دوو کەسی دیکەش کە لەگەڵیدا بوون، دەستبەسەر کراون، کە یەکێکیان بە "عەباس" ناسراوە، ئێستا لە ئاسایشی سلێمانین.
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان، سەرچاوەکەی ئاسایش ئاماژەی بەوە کرد کە "هۆکارەکەی بۆ بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەگەڕێتەوە کە تێیدا سووکایەتییان بە کەمئەندامێک کردووە."
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەو کەسە چەند ساڵێکە ماڵی لە شاری هەولێر نەماوە و نیشتەجێی رانیە بووە.
دانا (مەلا قاتیل) لەگەڵ گرووپێک لە سۆشیال میدیا چالاکە و ڤیدیۆی کۆمیدی بڵاودەکەنەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیەی دواییان کە بە سووکایەتی بە کەمئەندامان ئەژمار کراوە، کاردانەوەی لێکەوتەوە و بووە هۆی دەستگیرکردنیان.

.png&w=3840&q=75)

