رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە، کە دوێنێ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر، هێرشی کردبووە سەر پیاوێکی بەتەمەن و برینداری کردبوو. باسی لەوەشکرد کە تۆمەتبارەکە "نەخۆشیی دەروونی" هەیە.
رۆژی یەکشەممە، 07ـی حوزیرانی 2026، موقەدەم کفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پیاوەی دوێنێ لەسەر شەقامێکی هەولێر هێرشیکردە سەر پیاوێکی بەتەمەن و لێی دا، دوێنێ شەو دەستگیرمان کرد. رووداوەکە بەیانیی دوێنێ بوو، دوای دەستکردن بە لێکۆڵینەوە توانیمان تۆمەتبارەکە بدۆزینەوە و دەستگیری بکەین."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1988ـە و دەرکەتووە کە "نەخۆشیی دەروونی" هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، پیاوە بەتەمەنەکە کە قوربانیی رووداوەکەیە ئەمڕۆ بە نیشانەی ئازارەوە بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "ئێستا ناتوانم باش قسە بکەم، سەرم و چاوەکانم ژانێکی زۆریان هەیە. من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەو کەسە نەبووە و نایناسم، ئەوە یەکەم جار بوو بیبینم."
لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکە، ئەو پیاوە گوتی: "لە چایخانەی مستەفا مرۆ لە گەڕەکی تەیراوە دانیشتبووم، دوای ئەوە دوو کیلۆ تەماتەم کڕی و بەرەو ماڵەوە دەگەڕامەوە. لە رێگەدا تەنیا ئەوەم زانی کەسێک لەقەیەکی لە تەماتەکانم دا، کاتێک سەرم بەرز کردەوە بینیم کەسێکی باڵابەرز، ریازیی و کۆنفۆیە، پرسیم بۆ وادەکەیت؟ یەکسەر لەقەیەکی لێدام و بە پشتدا کەوتم."
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کرد کە تۆمەتبارەکە بە زمانی عەرەبی قسەی پێ گوتوون و هێرشی کردووەتە سەر ئەو دووکاندارانەشی کە ویستوویانە یارمەتیی پیاوە بەتەمەنەکە بدەن.


.jpg&w=3840&q=75)

