رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی نەگرتووەتەوە، جگە لەوەی بۆ خواردنەوە بەکاری دەهێنن، 100%ـی ئاوەکە دەڕژێتە بەنداوی دووکان.
ساڵانە لە دەستپێکی هاویندا، ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەگرێتەوە، کە جگە لە کشتوکاڵ و حەوزی ماسی، سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 100 هەزار هاونیشتمانی قەڵادزێیە و ئەوەشی دەمێنێتەوە دەرژێتە بەنداوی دووکانەوە.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی زانیاریمان بەنداوەکانی ئێرانیش سەرڕێژبوون، بۆیە نەک ئاو نەگیراوەتەوە، ئاوی زێی بچووک بە بڕێکی زۆر بەردراوەتەوە".
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: "ئێمە هەموو کات داوامان کردووە بۆ ئەوەی هاوین کێشەمان نەبێت پێویستمان بە دروستکردنی بەربەستی کۆنکرێتییە، کە ئەوە ناکرێ، ساڵانە خۆمان بە خۆڵ و بەرد بەربەست دەکەین، ئەم ساڵیش بە زیاتر لە 50 بارهەڵگر خۆڵ و بەرد ئاوەکەمان بەربەست کردووە، بۆ ئەوەی بڵاو نەبێتەوە و ئامێرەکانی دابینکردنی ئاو بتوانن بە باشی ئاوەکەی بگوازنەوە".
لەبارەی مەترسیی کەمئاوی لە وەرزی هاویندا، سەلام عومەر گوتی: "توانیومانە کارێک بکەین بۆ ئەم هاوینە کێشەی کەم ئاویمان نەبێ و دۆخەکە بەڕێوەببەین، هەرچەندە ئیدارەدان و هێشتنەوەی ئاوەکەش زۆر قورسە".
جگە لە بەنداوەکانی دووکان کە گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر کە سێیەم گەورەترین بەنداوە، هەموو بەنداوەکانی دیکە ئەم ساڵ سەرڕێژ بوون. بەنداوی دووکانیش کەمتر لە مەترێکی ماوە بۆ سەرڕێژبوون و یەکێک لە سەرچاوەکانی زێی بچووکە. سەلام عومەر گوتی: "ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی بۆ خواردنەوە بەکاردەهێندرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە 100%ـی دەڕژێتە بەنداوی دووکانەوە".
پڕۆژەی ئاوی "خاس" سەرچاوەکەی ئاوی زێی بچووکە، رۆژانە لە کاژێرێکدا دوو هەزار و 700 مەترسێجا ئاو بۆ هاونیشتمانییانی قەڵادزێ و دەوروبەری بەردەداتەوە.
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە، بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستیی خۆی ئاوەکەی گرتووەتەوە.


.png&w=3840&q=75)
